بەهۆی رەچاونەکردنی حیجابی فەرمی سەدان کافتریا و خواردنگە لە تاران داخران

ژمارەیەک هاووڵاتیی ئێرانی
ژمارەیەک هاووڵاتیی ئێرانی

K24 - هەولێر

لە تارانی پایتەختی ئێران، بە هۆی رەچاونەکردنی حیجابی فەرمی، زیاتر لە سەد کافتریا، خواردنگە و دووکان داخران و زیاتر لە 500 ئوتۆمبێلیش دەستیان بەسەردا گیرا.

رۆژی شەممە، 18-11-2023، محەممەد عەلی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئیسلامشەهر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانێکی پۆلیسدا بۆ چاودێریکردنی بەکارهێنانی حیجاب لەلایەن هاووڵاتییانەوە، 121 دووکان، خواردنگە و کافتریا داخران.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەشت مانگی رابردوودا 15 هەزار شوێنی پیشەیی لەم شارە کەوتوونەتە بەر پشکنین و لێپێچینەوە و، لە ئەنجامدا 898 شوێن بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی، بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوەتەوە و 121 شوێنیش داخراون.

جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئیسلامشەهر گوتیشی، هەر لەو ماوەیەدا 517 ئوتۆمبێل دەستیان بەسەردا گیراوە و 80 کەسیش لە خاوەنی ئەو ئوتۆمبێلانە بەهۆی بەردەوام بوونیان لە ڕەچاونەکردنی حیجاب، دراونەتە دادگا.