مەسرور بارزانی لە زاخۆ بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی گرنگ دادەنێت

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی هەردوو پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی و کارگەی ریسایکلینی زبڵ و خاشاک لە زاخۆ دادەنێت.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە  11/19 کاتژمێر 12:00 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی  و کارگەی ریسایکلینی زبڵ و خاشاک لە  ناحیەی رزگاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ  دادەنێت.

پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی زاخۆ

پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی زاخۆ، لەسەر روبەری 800 دۆنم زەوی دروست دەکرێت، پێکدێت لە 108 کارگەی بەرهەمهێنانی جۆراوجۆر، بەرهەمی ئەو کارگانە کەرەستەکانی خواردن، خواردنەوە، پاکژکردنەوە و چەند کەرەستەیەکی دیکە لە خۆ دەگرێت، جگە لە پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆ، لەوێوە بەرهەمی هەرێمی کوردستان رەوانەی باشووری و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت.

لە پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی زاخۆ، 160 کارگەی ساردکەرەوە و نۆرماڵ لەگەڵ 80 عەلوەی گەورەی سەوزە و میوە دەبێت. بەشێکی دیکەی ئەو ناوچە پیشەسازییە بریتی دەبێت لە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە گەورە و بارهەڵگرەکان، هەرروەها 24 پێشانگەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ناوچە پیشەسازییەکەدا دەبن.

پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی زاخۆ، بە گوژمەی 50 ملیار دینار دروست دەکرێت.

پڕۆژەی کارگەی ریسایکلینی زبڵ و خاشاک لە زاخۆ

یەکێکی دیکە لەو پڕۆژانەی ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دادەنێت، کارگەی ریسایکلینی زبڵ و خاشاک لە زاخۆیە، کە بە گوژمەی 31 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.

ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکە ساڵ و نیوێکە، بە باشترین تایبەتمەندیی و دیزاینی سەردەمیانە دروست دەکرێت، کە %20ی پاشماوەکان ژێر خاک دەکات و %80ی دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە.

لە کارگەی ریسایکلینی زبڵ و خاشاک لە زاخۆ، هەموو کەرەستەکان لە نەخۆشخانە و کلینک و تاقیگە ئەهلی و حکومییەکان وەردەگیرێت و بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان دەگوازنەوە بۆ کارگە، بەشێک لە کەرەستەکان سوودیان لێوەردەگیرێت بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە، ئەوەی دیکەشیان ژێر خاک دەکرێن.