مەسرور بارزانی بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی ستراتیژی لە زاخۆ دانا

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە 19/11/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ بەردی بناغەی هەردوو پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی و کارگەی ریسایکلینی زبڵ و خاشاکی دانا.

لە سەرەتای رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی هەردوو پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی و پڕۆژەی کارگەی ریسایکلینی زبڵ و خاشاک لە زاخۆ، گوهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە پاڵپشتی راستەوخۆی سەرۆکی حکومەتئ هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژە لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی، کشتوکاڵ، ئاو و گەشتوگوزار لە زاخۆ جێبەجێ کراون، ئەمڕۆش بەردی بناغەی دوو پڕۆژە لە بواری پیشەسازی دادەنرێن.

گوتیشی: "جێبەجێکردنی ئەو دوو پڕۆژەیە، دەرفەتێکی گەورەیە بۆ پێشڤەچوونی کەرتی پیشەسازی لە سنووری ئیدارەی زاخۆ و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری لەو دەڤەرە، هەردوو پڕۆژەکە پێنج هەزار هەلی کار دەڕەخسێنن".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ راشیگەیاند، پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی زاخۆ، لەسەر رووبەری 800 دۆنم زەوی دروست دەکرێت، کە پێکدێت لە 108 کارگەی بەرهەمهێنانی جۆراوجۆر، بەرهەمی ئەو کارگانە کەرەستەکانی خواردن، خواردنەوە، پاکژکردنەوە و چەند کەرەستەیەکی دیکە لە خۆ دەگرێت، جگە لە پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆ، لەوێوە بەرهەمی هەرێمی کوردستان رەوانەی باشووری و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت.

لە پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی زاخۆ، 160 کارگەی ساردکەرەوە و نۆرماڵ لەگەڵ 80 عەلوەی گەورەی سەوزە و میوە دەبێت. بەشێکی دیکەی ئەو ناوچە پیشەسازییە بریتی دەبێت لە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە گەورە و بارهەڵگرەکان، هەرروەها 24 پێشانگەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ناوچە پیشەسازییەکەدا دەبن. پڕۆژەکە بە گوژمەی 50 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.

سەبارەت بە پڕۆژەی کارگەی ریسایکلینی زبڵ و خاشاک، گوهدار شێخۆ گوتی، ئەو پڕۆژەیە لەسەر 40 دۆنم زەوی بە گوژمەی 31 ملیار دینار دروست دەکرێت، ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکە ساڵ و نیوێکە، بە باشترین تایبەتمەندیی و دیزاینی سەردەمیانە دروست دەکرێت، کە %20ی پاشماوەکان ژێر خاک دەکات و %80ی دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە کارگەی ریسایکلینی زبڵ و خاشاک لە زاخۆ، هەموو کەرەستەکان لە نەخۆشخانە و کلینک و تاقیگە ئەهلی و حکومییەکان وەردەگیرێت و بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان دەگوازنەوە بۆ کارگە، بەشێک لە کەرەستەکان سوودیان لێوەردەگیرێت بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە، ئەوەی دیکەشیان ژێر خاک دەکرێن.