جەبار یاوەر: یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکانە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24ـی گوتی: "پڕۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە زۆر لەمێژە دەستیپێکردووە، ئەگەر بیگێڕینەوە بۆ رابردوو، لە ساڵی2009 هەردوو سەرۆک، سەرۆک بارزانی و سەرۆک مام جەلال، رێککەوتن هێزی پێشمەرگە یەکبخرێت، دوو وەزارەت هەبوو لە سلێمانی و هەولێر ئەم دوو وەزارەتە یەک نەخرابوون، لە ساڵی 2010 هەردوو وەزارەتەکەیان یەکخست".

گوتیشی: "دوای یەکخستنی هەردوو وەزارەتەکە، یەک فەرماندەیی لەسەر ئاستی هەرێم دروست بوو، ئەوکاتە بەپێی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکی هەرێم فەرماندەی گشتی هەموو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی دەکرد، ئەو پڕۆسەیەی لە ساڵی 2010وە دەستیپێکردووە ئێستا ساڵی 2023یە، لە دوای ساڵەکانی 2014ش هاوپەیمانان لەگەڵ ئێمەدا کەوتنە پڕۆسەیەکی هەم ریفۆڕم و هەم یەکخست، کە ئەوان لە ساڵی 2018وە دەستیان پێکرد، 35 مادەی لەخۆ گرتبوو".

ئاشکرای کرد: "لەبەرژەوەندی هەردوو لایەن دەبێت، ئەگەر هێزی پێشمەرگە یەکبخرێت و پڕۆسەکە کۆتایی بێت، هێزەکە بە هێزێکی پڕۆفیشناڵی یەکگرتووی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم، کە بەرژەوەندی باڵای هەرێمی کوردستان بپارێزێت و دەبێت بە هێزی پاراستنی هەموو هاووڵاتییانی کوردستان و هەموو لایەنەکانی کوردستان".