عەلی تەتەر: بەگوژمەی زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار پڕۆژە لە سنووری دهۆک ئەنجام دراوە

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

K24 - هەولێر:

پارێزگاری دهۆک لە رێورەسمی کردنەوەی کارگەی ئاردی دستار لە دهۆک، گوژمەی تەرخانکراوی کۆی گشتی ئەو پڕۆژانەی لە سنووری دهۆک ئەنجام دراوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: کابینەی نۆیەم بەبەهای زیاتر لە تریلیۆنێک دینار پرۆژەی ئەنجامداوە.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە رێورەسمی کردنەوەی "کارگەی ئاردی دستار" لە دهۆک، رایگەیاند، لە چوار ساڵی رابردوودا ئێمە 65 پڕۆژەمان هەیە، کە پڕۆژەکان کاریگەری خۆی هەیە لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: ئەو 65 پڕۆژەیە بەبەهای یەک تریلیۆن و 88 ملیۆن دینار، لەناو پارێزگای دهۆکدا ئەنجام دراون، خۆشبەختانە ئێستا هەمووی کەوتووەتە خزمەتی هاووڵاتیان، ژمارەیەکی کەمیش بۆ دوو یان سێ مانگی داهاتوو دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی 2020 دا، 148 پڕۆژە ئەنجام دراون، کە 147 پڕۆژە کەوتووەتە خزمەتی هاووڵاتیان، تەنها یەک پڕۆژە ماوە ئەویش نەخۆشخانەی دێرەلوک - شێلادزێیە، کە هێشتا تەواو نەبووە، کە رەنگە چەند مانگی داهاتوو تەواوبکرێت.

جەختیکردەوە، ساڵی 2021، 138 پڕۆژە لە لایەن سەرۆکی حکومەتەوە رەزامەندی لەسەر دراوە، 136 پڕۆژە کۆتایی هاتووە، تەنها دوو پڕۆژە ماوە کە پڕۆژەی بچووکن هەندێک کێشەی تەکنیکیان هەیە کە ئەویش لە رۆژانی داهاتوودا کۆتایی دێت.

پارێزگاری دهۆک راشیگەیاند، ساڵی 2022 سەرۆکی حکومەت رەزامەندی لەسەر 444 پڕۆژە داوە، کە 356 پڕژە کاری تێدا دەکرێت، کە 88 پڕۆژە کەوتووەتە خزمەتی هاووڵاتیان، هەروەها لە ساڵی 2023، بەبەهای 45 ملیار و 722 ملیۆن دینا پڕۆژە بۆ خەڵکی قەزای سێمێل ئەنجامدراوە.

دەشڵێت: هەروەها رەزامەندی لەسەر پڕۆژەکانی دهۆک دراوە، بەگوژمەی 35 ملیار و 246 ملیۆن دینار، هەروەها ئەمساڵ بۆ سنووری قەزای ئامێدی رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 22 ملیار و 686 ملیۆن دینار دراوە بۆ پرۆژەکان، کە لەقۆناغی تەندەردایە، هەروەها بۆ قەزای ئاکرێ 31 ملیار و 500 ملیۆن دینار تەرخان کراوە، 20 ملیار دیناریش بۆ قەزای بەردەرەش تەرخان کراوە. کە کۆی گشتی پڕۆژەکان 818 پڕۆژەیە کە نیوەی کەوتووەتە خزمەتی هاووڵاتیان، بەهاکەشی یەک تریلیۆن و 35 ملیار و 836 ملیۆن دینارە.