لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان؛ سوودانی وەڵامی پەرلەمانتارێکی کورد دەداتەوە

مەریوان قەرەنی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی
مەریوان قەرەنی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو پرسیاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانمان ئاراستە کرد و سوودانی رایگەیاندووە، ناردنی 700 ملیار دینار بۆ سێ مانگی دیکە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە.

رۆژی یەکشەممە (19ـی تشرینی دووەمی 2023) مەریوان قەرەنی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق كۆبووینەوە و گفتوگۆمان لەبارەی چەند پرسێكی گرنگ كرد و لە كۆبوونەوەكەدا، "دوو پرسیارم خستە بەردەم بەڕێزیان كە هەردووكیان تایبەت بوون بەو دوو نامەیەی كە بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی عێراقی كردووە".

لەبارەی هەمواركردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و چارەسەركردنی كێشەی نەفەقاتی فیعلی كە بووەتە هۆكاری نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە، مەریوان قەرەنی پرسیاری لە هەڵوێستی محەممەد شیاع سوودانی کردووە لەوبارەیەوە، لە وەڵامدا سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، "نامەكانمان بەدەست گەیشتووە و كاریشمان لەسەر كردوون، هەروەها بابەتی هەمواركردنەوەی یاسای بودجە لە دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراقدایە و ئێمە هیچ لارییەکمان نییە ئەگەر ئەو بڕگەیە هەموار بكرێتەوە و چارەسەری ئەم بابەتە بكرێت، بەڵام ئێمە دەسەڵاتی جێبەجێكردنین و هەمواركردنەوەكەش لەدەست دەسەڵاتی یاسادانانە و هەر یاسایەك دەربكەن و هەمواری بكەنەوە، ئێمە جێبەجێی دەكەین".

هاوکات لەبارەی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ و بەردەوامبوون لەسەر ناردنی قەرزی سێ مانگ. سەرۆکوەزیرانی عێراق بەو پەرلەمانتارە کوردەی راگەیاندووە، "بابەتی بڕیاردان لەسەر بەردەوامبوون لە ناردنی بڕی 700 ملیار دینار بۆ سێ مانگی دیكەش جگە لەو سێ مانگەی بڕیاری لێ دراوە، لەدەست ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و لەدەست خودی ئەودا نییە".

هەروەها سوودانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای بودجە دیاریكرابوو تا بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرن زۆر كەمترە لە پێویستیی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە و تەنانەت گوتی كە ئەو 700 ملیار دینارەشی دیاریكراوە، هێشتا كەمترە لەو پارەیەی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە پێویستیەتی".

لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەیدا، سوودانی جەختی كردووەتەوە، كە لایەنەكانی راسپاردووە و تا رۆژی 1ـی 12ـی 2023، بەشی سێیەمی ئەو 700 ملیار دینارە دەنێرن كە پێشتر بڕیاری ناردنیان دابوو.

لەگەڵ ئەوەشدا، مەریوان قەرەنی کە هاوکات جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییە لە پەرلەمانی عێراق، لە نووسراوێکدا داوای لە سوودانی کردووە لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان، کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگەش بگرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگری عێراق 500 یەکەی نیشتەجێبوونی لە کەرکووک بەسەر کەسوکاری شەهیدانی شەڕی تیرۆر دابەشکردووە بەڵام کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگەی لێ بێبەش کراوە. هەروەها بە نووسراوێکی دیکەش، داوای قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی کردووە کە بەهۆی تاوانەکانی رژێمی پێشووەوە زیانیان پێگەیشتووە.