کۆسار حەمە ساڵح: لە 2019ـەوە بە بڕی 43 ملیار دینار پرۆژەی رێگاوبان لە کۆیە ئەنجام دراوە

ئەندازیار کۆسار حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی کۆیە
ئەندازیار کۆسار حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی کۆیە

K24 – هەولێر:

بەرێوەبەری رێگاوبانی کۆیە ئاماژە بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و رایگەیاند: ئەو پرۆژانە دەبنە مایەی ئاوەدانبوونەوەی گوندەکان و ئاشکرایکرد، لە ساڵی 2019ـەوە بە بڕی 43 ملیار دینار پرۆژەی رێگاوبان لە کۆیە ئەنجام دراوە.

لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی زیاتری کۆیە و ئەو پرۆژانەی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆیە جێبەجێکراون یان کاریان تێدا دەکرێت، ئەندازیار کۆسار حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی کۆیە بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە 2019 خراپترین سێکتەر سێکتەری رێگاوبان بوو لە سنووری قەزاکە و هەر پێنچ ناحیەکەی کۆیە، دوای ئەوەی لەگەڵ ئیدارەی کۆیە پلانێکی تۆکمەیان داناوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی رێگا سەرەکییەکان، هەروەها رێگای گوندەکان کە پرۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ نەچووبوو،تواندرا لە ماوەی سێ ساڵدا کارێکی باش لەو سێکتەرەدا بکرێت و قیرتاوکردنی رێگەی هەموو گوندەکانیش لە بەرنامەدایە.

کۆسار حەمە ساڵح ئاماژەی بەوە کرد، لە 2019 بە گوژمەی نزیکەی 13 ملیار دینار پرۆژە لە سنووری قەزای کۆیە جێبەجێ کراوە. لە 2020 لەگەڵ ئەوەی قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا هەبوون، بە گوژمەی یەک ملیار دینار پرۆژەیان جێبەجێکردووە، گوتیشی: ساڵەکانی 2021، 2022 و 2023 ساڵانی خزمەت بووە بە کردارەکی  و لە ساڵی 2019ـەوە تا ئێستا بە بری 43 ملیار دینار خزمەتگوزارییان گەیاندووەتە تەواوی قەزای کۆیە و ناحیەکانی، ئاشکراشیکرد، زۆرێک لەو پرۆژانە جێبەجێکراون و هەندێکیشیان لەژێر جێبەجێکردنن یان لە قۆناغی تەندەرینگن.

بەڕێوەبەری رێگاوبانی کۆیە تیشکی خستە سەر پرۆژەکان و دووپاتی کردەوە، پرۆژەکان زیاتر لە بواری رێگاوبان و قیرتاوکردنی رێگای گوندەکان و رێگا سەرەکییەکان بوون، چونکە خراپترین رێگاکان، رێگاکانی دەشتی کۆیە بوون، لەوانەش رێگای کۆیە-هەولێر و رێگای تەقتەق-سکتان، کە هەموویان  نۆژەنکرانەوە ، جگەلەوەی لە ناحیەی ئاشتی رێگای 20 گوند قیرتاو کراوە و هەندێکیشیان لە جێبەجێکردندان .

هاوکات کۆسار حەمە ساڵح، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکان دەستی بە پرۆژەی خزمەتگوزاری کردووە لە ناوچەکە، بەڵام بە گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بە گوند، بە دڵنیاییەوە خەڵکی گوندەکان دەگەڕێنەوە، گوتیشی: گرنگی ئەو پرۆژەیە لەوەدایە گوندەکان ئاوەدان دەبنەوە و ئەوەش هاندانێکە بۆ ئەوەی خەڵکی بگەڕێنەوە گوندەکانی خۆیان و سەرقاڵی ژیان خۆیان بن لە ئاژەڵداری و کاری کشتوکاڵی.

لەبارەی پرۆژەی رێگای دوو سایدی هەولێر-کۆیە، بەرێوەبەری رێگاوبانی کۆیە ئاشکرای کرد ، لەگەڵ وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەری کێشەی جێبەجێنەبوونی ئەو پرۆژەیە کە بەهۆی قەیرانی دارایی وەستاوە.

ئا/ کارزان حەیدەر