بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات

K24  - هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە 20/11/2023 کاتژمێر 9:00، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و لێکۆڵەر و توێژەر و ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە MEPS لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەستپێدەکات.

لە سەرەتای کۆڕبەندەکەدا وتاری بەخێرهێنان لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک پێشکەش دەکرێت.

پاشان هەر یەک لە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتار پێشکەش دەکەن.

لە پانێلی یەکەمی چوارەم کۆڕبەندی مێپس لەژێرناوی "چارەنووسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشە بەردەوامەکان" هەر یەک لە هوشیار زێباری، جۆن جێنکیس، د. کریستین، د. عەبدوڵڵا بەعبوود و د. بەدر سەیف وەک قسەکەر بەشداری دەکەن و پانێلەکە لەلایەن پیۆتر زالێڤسکی رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی ئیکۆنۆمیست بەڕێوەدەبرێت.

پانێلی دووەم لەژێرناوی "دەستپێکێکی نوێ: پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و داهاتووی عێراق" لەلایەن پ. نرێند ئۆلیری بەڕێوەدەبرێت، قسەکەرەکانی پانێل بریتین لە قوباد تاڵەبانی، جینین هێنیس پلاسخارت، قاسم ئەعرەجی، کۆلۆنێل جوێل رایبورن و د. عادل باخەوان.

پانێلی سێیەم بۆریس جۆنسن سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا وەک قسەکەر بەشدار دەبێت و پانێلەکە لەلایەن د. رەنج عەلائەدین بەڕێوەدەبرێت.

لە پانێلی چوارەم، کە لەلایەن د. جێمی ئینگرام بەڕێوەدەبرێت، هەر یەک لە لۆرد فرانسیس مۆد، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، عەندنان موفتی، د. عەلی عەسیری، د. ئاکیتۆ یۆشیۆکا وەک قسەکە بەشدار دەبن.

لە پانێلی پێنجەمی یەکەم رۆژی دیداری مێپس نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان میوان دەبێت و باس لە رەوشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە دەکات.

کۆڕبەندی مێپس، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە، زیاتر لە 300 سەرکردە، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و پسۆڕ لە بوارە ئابووری و ئاسایش لە 80 وڵات بەشداری دەکەن، لە چەندین پانێلدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.

لە رۆژی دووەمی کۆڕبەندەکەدا چەندین پانێل بەڕێوەدەچن کە تایبەتن بە ئەجێندای چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تێیدا قسەکەران باس لە دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاڵنگاری ئەمنی، ئابووری و سیاسی، بارودۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانکانی کەشوهەوا و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکەن.

کۆڕبەندی مێپس، لە کاتێکدایە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە، بەتایبەتی دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆڕبەندە هەڵوێست و بۆچوونی نوێ سەرکردە بەشداربووەکان ببیسترێت.

دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە شاشەی کەناڵەکەی، ماڵپەڕ و سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، رووماڵی پانێل و دانیشتنەکانی ئەو کۆڕبەندە دەکات، زانیاری و گفتوگۆکان، راستەوخۆ بۆ وەرگرانی دەگوازێتەوە.

زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە و لە چەندین بەشی جیاواز پێکدێت وەک: بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا، و پەیوەندییەکان.

زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆئاست بەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.

زمانی خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک ئینگلیزیە و بە سیستمی "هونەری ئازاد" قوتابیانی پەروەردە دەکات، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی چەندین کۆرسی جۆراوجۆر لە زانستە مرۆڤایەتی و سرووشتییەکان بە قوتابی، پێش ئەوەی لە شارەزایەکیی دیاریکراودا دەست بەخوێندن بکات. ئەم جۆرە سیستمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوی پەیڕەودەکرێت.