چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک بەڕێوەدەچێت

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە 20/11/2023، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و لێکۆڵەر و توێژەر و ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە MEPS لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەستپیپێکرد.

لە سەرەتای کۆڕبەندەکە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، وتاری بەخێرهێنان پێشکەش دەکات.

لە رۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکەدا پێنج پانێل بە بەشداری ژمارەیەک کەسایەتی سیاسیی و توێژەر و ئەکادیمی بەڕێوە دەچن.

لە پانێلی یەکەمی چوارەم کۆڕبەندی مێپس لەژێرناوی "چارەنووسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشە بەردەوامەکان" هەر یەک لە هوشیار زێباری، جۆن جێنکیس، د. کریستین، د. عەبدوڵڵا بەعبوود و د. بەدر سەیف وەک قسەکەر بەشداری دەکەن و پانێلەکە لەلایەن پیۆتر زالێڤسکی رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی ئیکۆنۆمیست بەڕێوەدەبرێت.

پانێلی دووەم لەژێرناوی "دەستپێکێکی نوێ: پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و داهاتووی عێراق" لەلایەن پ. نرێند ئۆلیری بەڕێوەدەبرێت، قسەکەرەکانی پانێل بریتین لە قوباد تاڵەبانی، جینین هێنیس پلاسخارت، قاسم ئەعرەجی، کۆلۆنێل جوێل رایبورن و د. عادل باخەوان.

پانێلی سێیەم بۆریس جۆنسن سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا وەک قسەکەر بەشدار دەبێت و پانێلەکە لەلایەن د. رەنج عەلائەدین بەڕێوەدەبرێت.

لە پانێلی چوارەم، کە لەلایەن د. جێمی ئینگرام بەڕێوەدەبرێت، هەر یەک لە لۆرد فرانسیس مۆد، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، عەندنان موفتی، د. عەلی عەسیری، د. ئاکیتۆ یۆشیۆکا وەک قسەکە بەشدار دەبن.

لە پانێلی پێنجەمی یەکەم رۆژی دیداری مێپس نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان میوان دەبێت و باس لە رەوشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە دەکات.

کۆڕبەندی مێپس، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە، زیاتر لە 300 سەرکردە، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و پسۆڕ لە بوارە ئابووری و ئاسایش لە 80 وڵات بەشداری دەکەن، لە چەندین پانێلدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.