مەحمود محەمەد: پارتی بە بەرپرسیارێتییەوە دەڕوانێتە ئەو کێشانەی کە هەیە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بەرپرسیارێتییەوە دەڕوانێتە کێشەکان، بۆیە هەوڵدەدات رێگا بدۆزێتەوە چۆن کاربکات، لەگەڵ هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لە کوردستانەدا هەیە.مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چوارەمین کۆڕبەندی مێپس بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە دووحزبین لە وڵاتێکدا کار دەکەین بە دڵنیاییەوە ركابەری یەکترین، بەرزی و نزمی لەنێوان پەیوەندییەکانماندا شتێکی ئاساییە، بەڵام لە ماوەکانی رابردوو ساردییەک هەبوو لە نێوانماندا زۆر لە پێویست بوو.

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، لەم چەند رۆژەی رابردوودا چەند زنجیرەیەک کۆبوونەوە کراوە، لەنێوان پارتی و یەکێتی، ئەو پەیوەندییانە دروست کەینەوە کە لەبەرژەوەندی هاووڵاتییاندایە.

مەحمود محەمەد دەڵێت: "ئێمە بۆچوونی جیاوازمان هەیە لەگەڵ عێراقدا، یاخود دەوروبەردا، بۆ چارەسەری کێشەکان، ئەو کێشانە پێویستییان بە گفتوگۆیەکی چڕتر و زیاتر هەیە".

گوتیشی، "پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بەرپرسیارێتییەوە دەڕوانێتە کێشەکان، بۆیە هەوڵدەدات رێگا بدۆزێتەوە چۆن کاربکات، لەگەڵ هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لە کوردستانەدا هەیە، هەتا لەگەڵ ئەو پارتە سیاسیانەی کە لە کوردستاندا هەیە، چونکە ئێمە باوەڕمان بە بیروڕای جیاواز هەیە، و لایەنی جیاوازیش هەیە، کەواتە دەبێت ئێمە رێگایەک بدۆزینەوە کە چۆن بەیەکەوە بژین، ئەو چۆنییەتی ژیانەش لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان، بە حکومی ئەو مێژووەی هەیەتی لەگەڵ ئەو هەموو شەهیدە ئەو رێبازە پیرۆزەی هەیەتی، بەدڵنییایەوە هەوڵی ئەوە دەدات ئەو کێشانە چارەسەر بکات".

رشیگەیاند، "ئێمە پەیوەستین بە هەڵبژاردنەکانەوە لە کاتی خۆیدا، ئومێدیش دەکەین هیچ گرفتێک روونەدات بۆ هاتنە پێشەوەی ئەو هەڵبژاردنە"

لەلایەکی ترەوە مەحمود محەمەد ئەوەی ئاشکراکرد، کێشەی عێراق لەسەرەتای دروست بوونییەوە یەک شتە، کولتووری چارەسەری کێشەکانی نەبووە، بەردەوام کێشەی کەلەکە کردووە، نەک تەنیا هەوڵنەدراوە چارەسەر بکرێت، بەڵکو خودی کێشەکان هەر ماونەتەوە، ئەوەش یەکێکە لەو گرفتانەی کە نیگەرانی لەناو خەڵکی دروست دەکات.

لە کۆڕبەندەکەدا چەندین پانێڵ بەڕێوەدەچن کە گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکرێت، هەروەها ئالنگاری ئەمنی و ئابووری و سیاسی و بارودۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانەکانی کەشوهەوا و رووبەرووبوونەوەی ئالنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان تاوتوێ دەکرێت.

کۆڕبەندی مێپس کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هوشیاری زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەیان کەسایەتی دیکە بەشداری دەکەن.