سەعدی پیرە: ئەو کۆڕبەندە دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی هەموو ئەو گرژیانەی کە هەیە

K24 - هەولێر

گوتەبیژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی کرا، ئەو گرژییانەی کە هەبوو خاوبوونەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبیژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە کۆڕبەندی چوارەمی مێپس لە دهۆک بە کوردستان24ـی گوت: 7ـی مانگ کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی کرا، ئەو رێککەوتنەی کە کرا دیارە ئەو گرژییانەی کە هەبوو خاوبوونەوە.

گوتیشی: ئەوەی ئەمڕۆش پێشبینی دەکەم، هەنگاوی دووەمە بۆ خاوبوونەوەی هەموو گرژییەکان و گەیشتن بە رێککەوتن و کۆتایی هێنان بە هەموو کێشەکانی کە هەن، هەروەها ئەو کێشانەی کە هەن یەکە یەکە پۆلێن دەکرێن و لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی مەکتەبی سیاسی چارەسەر دەکرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆڕبەندی لەم بابەتە، کەسایەتی سیاسی و ئابووری رۆشنبیری یەکتر ئەبینن، جا بۆ هەر مەبەستێک بێت دانیشتنی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی چوار قۆڵی ئەنجام دەدەن.

گوتیشی: ئەو بابەتانەی کە کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەب سیاسی باسمان کرد، هەر ئەو بابەتانەن کە لێرە باس کرا، ئەویش چڕ کردنەوەی پەیوەندییەکانی هەموو لایەک و کۆکردنەوەی تواناکانمان بۆ پارێزگاری کردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران،  پاراستنی هەرێم لەو شەڕ و پێکدادانەی کە لە ئەنجامی شەڕی نێوان غەززە و ئیسرائیل هاتووەتە ئاراوە.

دەشڵێت: ئێمە پێویستە لەو عەقلییە بۆمبرێژکراوە ئاگاداربین، توانا دیپلۆماسی و سیاسیەکانی خۆمان بەکار بهێنین، هیچ بۆمبێک پێمان نەتەقێتەوە.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی، لێکۆڵەر، توێژەر، ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا دەستپیپێکرد.