رێباز حەمەلان: پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدایە

K24 – هەولێر

یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، پەیوەندییەکی زۆر باش هەیە لە نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەو خاڵانەی کە هاوبەشە لەنێوانماندا پێویستە پتەوتری بکەین.

رێباز حەمەلان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارەمین کۆڕبەندی مێپس لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم کۆڕبەندە کە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک ئامادەی کردووە، یەکێکە لەگرنگترین کۆڕبەندەکان، کە پێویستە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست، بەتایبەت بۆ عێراق و ناوچەکە و هەرێمی کوردستان.

گوتیشی، ئەوەی گرنگە لەم کۆڕبەندە دووهێزی سەرەکی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم کۆڕبەندەدا ئامادەن، لە عێراقیش جێگری سەرۆکی یەکەمی پەرلەمانی عێراق ئامادەیە، لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی جیهان و عێراق، گرنگە بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان.

دەشڵێت، هەمووکاتێک چاوەکان لەسەر هەرێمی کوردستانە و لێرەوە بۆچوونەکان بۆ سیاست و ئەو دۆخانەی کە دێنە پێشەوە، هەتا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستیش دێتەوە هەرێمی کوردستان.

حەمەلان ئاماژەی بەوەشدا، ئەو کەسانەی ئەمڕۆ لەم کۆڕبەندەدا قسە دەکەن، باسی دۆخی ناوچەکە و رۆژهەلاتی ناوەراست دەکەن، کە ئێستا شەڕی ئیسرائیل و غەززەیە، کە کاریگەری کردووەتە سەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش بەگشتی.

ئاشکراشیکرد، ئەوەی گرنگە تیشکی بخرێتە سەر لەم کۆڕبەندەدا، عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، لەم شەڕەدا بەدووربێت یا نەبین بە بەشێک لە شەڕەکەدا.

رێباز حەمەلان راشیگەیاند، پەیوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەکو حکومەت لە ئاستێکی باشدایە، پەیوەندییەکی زۆر باش هەیە لە نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق وسەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ناتوانرێت ئەوە ببێتە بەشێک لە بڕیارەکان، پێویستە لایەنی شیعەش کە دەستێکی باڵایان هەیە لە عێراقدا، دەورێکی باشیان هەبێت.

روونیشیکردەوە، دۆخی عێراق ئێستا وا دەخوازێت هەموو لایەنێک لە بەغدا کە باڵا دەستە یاخود لە هەرێمی کوردستان باڵا دەستە، پێویستە لێکنزیکبوونەوە هەبێت، لایەنی کەم ئەو خاڵانەی کە هاوبەشە لەنێوانماندا پتەوتریکەین، ئەو خاڵانەی کە ناکۆکە هەوڵبدەین چارەسەری بکەین، چونکە تێکچوونی هەر سەقامگیرییەک لە عێراق کاریگەری بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت و بە پێچەوانەکەشییەوە.

ئا: لاڤین عومەر