قوباد تاڵەبانی: عەقڵیەت و کولتووری بەڕێوەبردنی وەزارەتی دارایی عێراق زۆر دژە فیدراڵییە

قوباد تاڵەبانی
قوباد تاڵەبانی

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: عەقڵیەت و کولتووری بەڕێوەبردنی وەزارەتی دارایی عێراق زۆر دژە فیدراڵییە، راستە یاسای بودجە پەسند کراوە، بەڵام کە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان نانێرن سوودی بۆ ئێمە چییە؟.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێلی دووەمی، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک لەژێر ناوی (پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و داهاتووی عێراق)، رایگەیاند: "پێویستە ئەولەویەت بدەینە کارەکانی ناوخۆمان، کوردستان پێویستی بە دەستوورە لە چوارچێوەی عێراقدا، بۆ ئەوەی بتوانین حکومەتێکی باشمان هەبێت و هەموو شتێک بکەوێتە سەرپێی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێ عێراق پشتگوێ بخەین، بەتایبەتی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا، دەبێ هەردوو دەستووری عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە بچنە پێشەوە".

گوتیشی: "ئەو نادادپەروەرییەی لە بەغدا بەرامبەر ئێمە دەکرێت، لە کێشەکانی بودجە و مووچە لە بابەتی نەوت و گاز، ئەم کێشانە دەیان ساڵە بەردەوامن، دەبێ هاوتەریب پێکەوە کار بکەین و دان بەوەدابنێین رێکخستنەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی".

قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەشدا: "من لەگەڵ ئەوە نیم سەیری نموونەی دیکە بکەین لە جیهان، ئێمە پێویستمان بە سیستمێکە هی خۆمان بێت، فیدراڵیزم هەیە لە عێراق و ئێمە هەرێمێکمان هەیە لە چوارچێوەی عێراق، ئەم وڵاتە پێویستی بە پەرلەمان و دەستووری دووەم هەیە، ئەمە باڵانسێکی زیاتر دەداتە ژینگە سیاسیی و پلاتفۆڕمە سیاسییەکان، بەڵام پێش ئەوەی ئێمە باسی ئەو دامەزراوانە بکەین، دەبێ پەیوەندییەکانمان رێک بخەینەوە بە هەموو لایەن و پێکهاتەکانەوە".

راشیگەیاند: "دەستووری عێراق بووەتە مێنیۆی رێستورانتەکان، هەر لایەنە و بە دڵی خۆی خواردن هەڵدەبژێرێت، ئەگەر وەک هاووڵاتی پلە یەک سەیر نەکرێیت نووسینەوەی دەستوور هیچ بەهایەکی نییە و کێشەکان چارەسەر ناکەن، ئێمە دەبێ دڵی کێشەکە بزانین، ئەم وڵاتە پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە، پێویستە گفتوگۆی راشکاوانە هەبێت، چۆن دەتوانین هەموومان پێکەوە بژین لەناو عێراق و هەرێمی کوردستان".

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: "کێشە لەو کولتوورە هەیە کە عێراق بەڕێوە دەبات، ناتوانین ئەم کولتوورە بە رێککەوتن و گرێبەست بگۆڕین، بەڵکو دەبێ بە گفتوگۆی جددی و راشکاوانە بیگۆڕین، دەبێ پرسیار بکەین ئایا دەتوانین ئێمە پێکەوە بژین، ئەگەر دەتوانین سنوور، بەرپرسیارێتی و مافەکانمان چین؟، لەوانەیە دەستووری عێراق پێویستی بە هەموارکردنەوە هەبێت، بەڵام من لەگەڵ ئەوەدام عەقڵیەتەکە هەموار بکرێتەوە، دەتوانین جوانترین دەستوور بنووسینەوە، بەڵام کە ئامادە نەبێت بەهۆی ئەو کێشە ئایدیۆلۆژیایەی هەیەتی لەگەڵ من مووچەکەم بۆ نەنێرێ، سوودی دەستوور و بودجە چییە؟، مووچە نانێرن دەڵێن نەوتتان هەیە، ئێستا کە نەوت رادەستکرا بۆ بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان نانێرن؟ باشە یاسای بودجە چ سوودێکی بۆ ئێمەی کورد هەبوو لەناو عێراقدا، یاسای بوجە دەنگی پێدرا و تێپەڕێنرا، بەڵام دەرئەنجامەکەی کوا؟".

قوباد تاڵەبانی، دەپرسێت: "بۆچی من بوومەتە کەسێکی نەتەوەیی، چونکە کەسێک شتێکی لێ بردووم، ئەوە وام لێدەکات زۆر نەتەوەیی بم زۆر کورد بم، هەست بکەم سزا دراوم، ئێستا فەرمانبەرەکانمان سزا دراون".

ئاماژەی بەوەشکرد: "عەقڵیەت و کولتووری بەڕێوەبردنی وەزارەتی دارایی عێراق زۆر دژە فیدراڵییە".