زانا مەلا خالید: پێکهاتەکان خۆیان مافی چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن

K24 – هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پێکهاتەکان نەتەوەیەکی رەسەنن لە هەرێمی کوردستان، خۆیان مافی چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن و بەپێی یاسا مافیان بۆ هەژمار کراوە.

زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە چوارەمین کۆڕبەندی مێپس، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی رایگەیاند، هەڵبژاردن مافی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، تاکو گرفتی بۆ دروست بکرێت، بۆیە ئەو وادەی کە لەلایەن سەرۆکی هەرێم دیاری کراوە، لە 25 شوباتی ساڵی داهاتوو، پێویستە هەڵبژاردن لەو وادەیەدا ئەنجام بدرێت، تائێستا هیچ گرفتێک لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردندا نابینین، چونکە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، سەرجەم ئامادەکارییەکانی کردووە، بەپێی ئەو خشتەییەی کە رایگەیاندووە.

گوتیشی، رێکارەکانی هەڵبژاردن تا ئێستا بە باشی بەڕێوەدەچێت، بەهیواین گرفت نەیەتە پێشەوە بۆ هەڵبژاردن کە لە وادەی خۆی دیاریکراوی خۆیدا زۆر دواکەوتووە، دەبێت هەڵبژاردنێکی دیکە ئەنجام بدرێت و خولێکی تازەی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان دەست بەکار بێت.

زانا مەلا خالید جەختیکردەوە، هیوادارین هیچ بڕیارێک دەرنەچێت دژ بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە بەرژەوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوەدایە کە بتوانێت هەرێمی کوردستان، لە پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی خۆی بەردەوام بێت، ئەوەی لە بەرژەوەندی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بووە لە دانووستانەکانمان لەگەڵ برادەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەسەر پرسی هەڵبژاردن قسەمان لەسەر کردووە.

ئاشکراشیکرد، بابەتی پێکهاتەکان ئێمە نەبووین، پێکهاتەکان خۆیان خاوەنی خۆیانن و خۆیان بڕیار بۆ چارەنووسی خۆیان دەدەن، بۆیە ئەم تانەدانە لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، خۆی لە خۆیدا تانەدانەکە نەدەبووایە بکرێت، چونکە ئەو کەسەی کە تانەی لە دەقی یاساکەدا داوە، خۆی سوودمەند بووە لەم یاساییەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، هەڵبژاردنی پێ ئەنجامدراوە، لایەنێکی سیاسی ناو پەرلەمانی کوردستان بوون، ئەوانیش هاوبەشی ئێمە بوون، بۆیە ئەم بابەتانە باشتر دەبوو ئەگەر لێرە چارەسەر بکرانایە.

زانا مەلا خالید راشیگەیاند، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دوروو درێژمان لەگەڵ برادەرانی یەکێتی ئەنجامداوە، دەربارەی ئەم بابەتە، بەڵام بەداخەوە لەسەر کۆی ئەم بابەتە ئێمە گەیشتین بە دەرئەنجامێک، لەسەر بابەتێک نە کاری ئێمە بوو نە کاری برادەرانی یەکێتیش بوو، کە بابەتی پێکهاتەکان بوو، بۆیە ئێستاش دووپات دەکەینەوە، بابەتی پێکهاتەکان پێویستە گرفتی لایەنە سیاسییەکانی دیکە نەبێت، گرفتی خۆیان بێت و خۆیان بڕیار لەسەر خۆیان بدەن، چونکە ئەوان پێکهاتەی رەسەنی هەرێمی کوردستانن، برایانی تورکمانیش وەک نەتەوەیەکی رەسەنن لە هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسا ئەو مافەیان بۆ هەژمار کراوە، بۆ پێنج کورسی کۆتایی پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان، بۆیە هەر بڕیارێک دژی ئەم بابەتە دروست بکرێت، لەمپەڕ دروستکردنە بۆ هەڵبژاردن، نەک کورسی کۆتا کەم بکرێتەوە یاخود نەمێنێت.

ئا/ لاڤین عومەر