تریفە عەزیز: ئێمە و ئەمەریکا ئامانجی هاوشێوەمان هەیە

K24 - هەولێر
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، "ئێمە و ئەمەریکا ئامانجی هاوشێوەمان هەیە" و "بەردەوامی بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان جێگەی نیگەرانین".
ئەمڕۆ دووشەممە، 20-11-2023، تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا لە کاتی بەشداریکردنی لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەردەوامی هێرشکردن و بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، جێگەی نیگەرانیی جیدیی ئەوان (ئەمەریکا) و ئێمەشە".
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، تریفە عەزیز ئاماژەی بەوە کرد، "هێشتا هاوبەشییەکی بەهێزمان هەیە. ئێمە هێشتا بەهای هاوشێوە و ئامانجی هاوشێوەمان هەیە".
لەبارەی بەڕێووچوونی چوارەم کۆڕبەندی مێپس 2023، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا گوتی: "کۆبونەوەی بەرچاوی سەرکردە بازرگانییەکان و سیاسەتمەداران لە کۆڕبەندەکەدا دەریدەخات کە هەرێمی کوردستان بووەتە هاوبەشێکی پەیوەندیدار و گرنگ لە ناوچەکە".
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی، لێکۆڵەر، توێژەر، ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا دەستپیپێکرد.
کۆڕبەندی مێپس، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە، زیاتر لە 300 سەرکردە، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و پسۆڕ لە بوارە ئابووری و ئاسایش لە 80 وڵات بەشداری دەکەن، لە چەندین پانێلدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.