دڵشاد شەهاب: هەرێمی کوردستان لە هەرێمێکی فیدڕاڵی بچووک زۆر گەورەترە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان و  گفتوگۆکردن لەسەر ئایندە سازی و چۆنییەتی پارێزگاری کردن، لە کۆڕبەندی سەقامگیری و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک واتای گرنگی هەیە.

دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارەمین کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەیەکگەیشتنی ئەم هەموو بیروبۆچوونە جیاوازانە  و گفتوگۆکردن لەسەر ئایندە سازی و چۆنییەتی پارێزگاری کردن، یاخود سەقامگیری و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک واتای گرنگ دەبەخشێت، بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەی ئێستا، کە جیهان بەشێوەکی گشتی تێیدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتیش رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

گوتیشی، هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی سەقامگیری لەم ناوچەیە هەڵبژێردراوە، بۆ ئەوەی باس لە سەقامگیری بکرێت، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی سەقامگیرە و سەرچاوەی سەقامگیرییە، بۆیە بە هەموو پێوەرەکانی ناوخۆ و ئاستی عێراق و ناوچەکە و ئاستی نێودەوڵەتیش، ئەو کەسایەتییانەی کەوا بەشدار بوون و ئەو پەیامانەی کە پێشکەشیش کران، تێڕوانینی باشن و دەرئەنجامی سیاسی باشیشی بۆ سەر ناوچەکە دەبێت.

دڵشاد شەهاب دەشڵێت: هاوسەنگی مامەڵەکردن لە ناوچەکەدا، لەگەڵ لایەنە ناکۆکەکان، بەشێوەیەکی گشتی و ئەو ململانێیانەی کە لە ناوچەکەشدا هەبوون، هەرێمی کوردستان تا ئێستا توانیویەتی ئەو هاوکێشە دژبەیەکانە بکات کە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، هێزی وا لە ناوچەکە ئەستەمە لەزۆرشوێن بەیەک بگەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەیەک دەگەن، ئەو دیدار و کۆبوونەوانەی لە هەرێمی کوردستان رێکدەخرێت، واتای ئەوە دەگەیەنێت هەرێمی کوردستان، لە هەرێمێکی فیدڕاڵی بچووک زۆر گەورەترە، پێگەی هەرێم زۆر لەوە زیاتر سەیر دەکرێت، ئەوەی ئەمڕۆ لەم دیدارەدا دەبینرێت نموونەیەکی ترە، لەسەر زیندوویەتی هەرێمی کوردستان، لە هاوکێشەکانی ناوچەکە.

ئا: لاڤین عومەر