لویس ساکۆ: پێویستە هەموولایەک لە وتاری رق دوور بکەونەوە

K24 - هەولێر

لویس ساکۆ لە کۆڕبەندی مێپس رایگەیاند، پێشنیازم بۆ حکومەتی فیدڕاڵی کرد، کە وەزارەتێک دابمەزرێنێت بۆ گرنگی دان بە  کەمینەکان، بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە کە لەنێوان پێکهاتەکان پەرەی پێبدرێت، هەروەکو چۆن لە ئیمارات ئەم ئەزموونە هەیە، بەڵام بەداخەوە لە بەغدا کەس گوێی لێنەگرتم.

کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی مێپس وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: ئەم کۆڕبەندە بەبەشداری زۆرێک لە پێکهاتەکان ئەنجامدراوە، بۆ ئەوەی ئەزموونەکان ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت، بیروبۆچوونەکان دەرببڕدرێت، من سوپاسی ئەو وەزارەتانە دەکەم کە گرنگی بە پێکهاتە و کەمینەکان دەدات، سوپاسیان دەکەم کە توانیانە پارێزگاری لە هاوسەنگی ئاینی و کەلتووری و رەگەزی بکات، هەروەها فرەچەشنی سامانێکە، گرنگە ئێمە وەبەرهێنانی تێدا بکەین چونکە مایەی خێرە بۆ هەموولایەک.

گوتیشی: من لەماوەکانی پێشوودا پێشنیازم بۆ حکومەتی فیدڕاڵی کرد، کە وەزارەتێک دابمەزرێنێت بۆ گرنگی دان بە کەمینەکان، بۆ ئەوەی کاردانەوە هەبێت، پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەنێوان پێکهاتەکان پەرەی پێبدرێت، هەروەکو چۆن لە ئیمارات ئەم ئەزموونە هەیە، بەڵام بەداخەوە لە بەغدا کەس گوێی لێنەگرتم.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە وەکو کڵێسای کاسۆلیکی پیش مانگێک هەستاین بە دانانی سینۆدالی، کە واتای کاری پێکەوەییە لە زمانی کریستانییەکاندا، بۆ دابین کردنی دیپلۆماسییەت و ئاڵوگۆڕپێکردنی ئەزموونەکان و گفتوگۆ، دەشڵێت: ئێمە چووینە لای زۆرینەی پێکهاتەکانی جیهان و سەردانی بەشێكی زۆری جیهانمان کرد، هیوادارم ئەو پەیامەی ئێمە هەڵمان گرتووە کاریگەریی هەبێت چونکە جیهان و کۆمەڵگا و شارستانییەتەکان دەگۆڕێن، ئەو پاشماوەی کە ماوەتەوە لە ئاینەکان، وەکو خۆیان نەماوەتەوە، پێویستیان بە لێکدانەوەی جیاوازە.

جەختیشیکردەوە: عێراق کۆمەڵێکی زۆر پێکهاتەی تێدایە، کۆمەڵێک ئاین و نەتەوەی جیاوازی تێدایە، بەڵام هەموویان خاوەنی شارستانییەتێکن، کە لەقوڵایی خۆیان هەڵیانگرتووە، ئەویش شارستانییەتی عێراقە.

راشیگەیاند، پێویستە هەموو هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی کە پەیوەندییەکانمان بەردەوام بێت، هەروەها دووربکەوینەوە لە هەر کارێک کە دوورمان دەخاتەوە لە هەستی نەتەوایەتی و پێکەوە ژیانێک کە ئاشتی تێیدا سەقامگیر بێت، جەخت لەوەشدەکەینەوە، کە پێویستە هەموولایەک لە وتاری رق دووربکەونەوە، لە وتاری عەشایەری و مەزهەب گەرایی دووربکەونەوە، هەموو لایەک بەشداربن لە هەڵگرتنی بەرپرسیارەتی بۆ دابینکردنی دادپەروەری، هەروەها چاومان لە وەبێت کە پێکهاتەکان پەیوەندی نێوانیان زیاتر بەهێز بێت، پێویستە ئێمە لەیەکتر تێبگەین.

گوتیشی: جەنگ و ململانێ بەسە، خەڵک تەواو ماندوو و بێ هیوابوون، ببینن لە فەڵەستین چی روودەدات، شەڕ ململانێکی ناشریینە، هەموومان تێدا دۆڕاوین، پێویستمان بە گرنگی دانە بە ژیانی خەڵک.