بەیان سامی: لە هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی باش هەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی

بەیان سامی
بەیان سامی

K24 - هەولێر

بەیان سامی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی باش هەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

بەیان سامی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پانێڵی یەکەمی رۆژی دووەمی کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک گوتی: وەک دەزانن ئێستا عێراق وڵاتێکە بە دەست ئاڵنگاریی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەناڵێنێت، هەروەها وڵاتانی دراوسێش وەکو تورکیا و سووریا و ئێران بەدەست کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەناڵێنن.

دەشڵێت: ئێمە ئێستا لە دۆخێکداین کە رووبەرووی قەیران و کەمی ئاو دەبینەوە، دەبینی کە چۆن کۆچی بەکۆمەڵ لە ناو عێراقدا هەیە، ئەم ئاڵنگارییە لەداهاتوودا رووبەرووی هەموومان دەبێتەوە.

گوتیشی: خەڵک لە رۆژهەڵاتی ناوەراست کۆچ دەکات بۆ ئەوروپا ئەمەش ئەوەیە کە ئەوروپا چاوی لەسەریەتی و چاودێری دەکات و دەیەوێت چارەسەری بکات، ئەمەش بۆتە کێشە، چونکە ئەو پارەیەی بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا تەرخانکراوە زیاترمان پێویستە.

سەبارەت بەهەرێمی کوردستان لەو رووەوە سامی جەختیکردەوە: لە هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی باش هەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵ ژمارەیەک پۆندی بۆ گلدانەوەی ئاو دروستکردووە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە مەترسییەکانی کەمئاوی دووربخاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە هەرێمی کوردستان چاومان لەوەیە دووبارە دارستانەکان بژیێنینەوە، چاومان لەوەیە کە سیستەمی ئاو بپارێزین، عێراق پڕۆژەی ئاوی واژۆ کردووە بەڵام ئێران واژۆی نەکردووە، گوتیشی: ئێستا عێراق رووبەرووی کەم ئاوی بۆتەوە، وەک هەرێمی کوردستان دەبێت پرسی ئاو لەگەڵ دراوسێکانمان تاوتوێ بکەین.

سامی، باسی لەوەشکرد، ئوردن یاسایەکی زۆر باشی هەیە لەبارەی ئاو، ئێمەش لە هەرێمی کوردستان هەمان یاسامان هەیە، بەڵام هەرێمی کوردستان سیستەمێکی گشتگیری نییە، بەڵام ئێستا حکومەت چاوی لەوەیە سیستەمێک دابڕێژێت و ئەو کێشانە چارەسەر بکات.