موجتەبا فیردەوسیپوور: ئێران و هەرێمی کوردستان مێژوویەکی قوڵ و هاوبەشیان هەیە

K24 – هەولێر

باڵیۆزی پێشووی ئێران لە ئوردن رایگەیاند، مێژوویەکی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، چونکە ئێمە دووڵاتی دراوسێین، خاوەنی مێژوویەکی قوڵین.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 21-11-2023، موجتەبا فیردەوسیپوور، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە ئوردن و دیپلۆماتکاری سەربەوەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەکاتی بەشداریکردنی لە پانێلی رۆژی دووەمی کۆڕبەندی مێپس 2023 لە دهۆک، رایگەیاند، دەمەوێت باسی خاڵێکی گرنگ بکەم کە بەشێک لە میوانەکان، ئاماژەیان پێدا لە دوێنێ و ئەمڕۆشدا، ئێمە کۆمەڵێک شەهیدمان داوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بەتایبەت ئەو تیرۆرستانەی بەشێک لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقیشیان داگیر کرد.

ئەو دیپلۆماتکارە ئێرانییە دەڵێت: "ئێمە مێژوویەکی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقدا، چونکە ئێمە دووڵاتی دراوسێین، خاوەنی مێژوویەکی قوڵین پێکەوە، رێگە بە هیچ کەسێک نادەین سووکایەتی بە شەهیدەکانمان بکات، کە رووبەرووی تیرۆرستەکان بوونەتەوە، ئەوە خاڵێکی گرنگە کە دەمەوێت گرنگی پێبدەم".

گوتیشی، خاڵێکی گرنگی دیکە، ئێمە لە گۆشەیەکی دیکەوە سەیری بابەتەکان دەکەین، هەندێک لە گرووپەکانی ئێمەت بەراورد کرد بە داعش و تیرۆرست، بەدڵنیاییەوە ئەوە راست نییە، ئەوانەی مقاوەمە دەکەن جیاوازن لەوانەی داعش، چونکە ناوچەی ئێمە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە دەست سێ گرفتەوە دەناڵێنێت، کە یەکێکیان داگیرکارییە، ئێستا بەدەست تیرۆری دەوڵەتەوە دەناڵێنین، تیرۆرێک کە نەخۆشخانەکان بۆردوومان دەکەن، سەنتەری چاودێری چڕ بۆردومان دەکات لە نەخۆشخانەکان، ئەوە تیرۆری دەوڵەتییە، ئێمە گیرۆدەی تیرۆری دەوڵەت بووین، دووەم خاڵیش تیرۆری رەگەز پەرستی، بۆنموونە ئیسرائیل دەولەتێکی تیرۆری رەگەز پەرستە، خاڵی سێیەمیش باسی رۆژئاوایە، کە ئەویش سیاسەتی دووڕووییە، گەر باسی شەڕی ئۆکرانیا بکەین لەگەڵ غەززە، رۆژئاوا چۆن سەیری ئەم دوو شەڕە دەکات؟ بەتایبەت کە ئەمەریکا سەرپەرشتی رۆژئاوا دەکات، بەدەستێک هاوکاری ئۆکرانیا دەکات بۆ شەڕ دژی رووسیا، دەستەکەی دیکەی پشتیوانی ئیسرائیل دەکات دژ بە گەلی فەڵەستین کە لە غەززە دەکرێت، کە نزیکە 15 هەزار کەس کوژراوە، ئێمە باس لەوە دەکەین.

موجتەبای فیردەوسیپوور راشیگەیاند، ئێران بەرگری لە گەلەکان دەکات، گەر سەیری وڵاتی لوبنان بکەین لە ساڵانی رابردوو، بەبێ گرووپی مقاوەمە خاکی لوبنان ئازاد نەدەبوو، لە دەستی ئیسرائیل و خاکەکەشی چۆڵ نەدەکرد، ئەوەی ئێستاش دەیبینن ئیسرائیل هەموو ئەو رێککەوتنانەی پێشێل کردووە کە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە واژۆ کرابوو، ئەگەر چارەسەرێکی ریشەیی بۆ فەڵەستین نەکرێت، ئاسایش و سەقامگیری هەمیشەیی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت، گرووپە چەکدارەکانیش مافی خۆیانە بەرگری لە خاکی خۆیان بکەن کە داگیر کراوە لەلایەن داگیرکەرانەوە.