دۆگلاس لووت: دیموکراسی ناتوانێت بەرامبەر بە سەرکوتکاری کێبڕکێ بکات

K24 – هەولێر:
باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە ناتۆ، ئاماژە بەوەدەکات، داگیرکارییەکانی رووسیا لەسەر خاکی ئۆکرانیا، هەروەها شەڕی ئیسرائیل و حەماس دوو ساتی زۆر مێژووین و شۆکێکی زۆر گەورەن و هێشتا زووە بگوترێت شۆکی دواتر چی دەبێت.
دۆگلاس لووت، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە ناتۆ، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی مێپس رایگەیاند، داگیرکارییەکانی رووسیا لەسەر خاکی ئۆکرانیا و جارێکی دیکە هێرشکردنەسەر وڵاتێکی سەربەخۆ، لەدوایدا شەڕی ئیسرائیل و حەماسی روویدا ئەمە دوو ساتی زۆر مێژووین و، بەڕای من زۆر زووە هێشتا بڵێین شۆکی دواتر چییە، لێکەوتەی ئەم دوو رووداوە زۆر گەورەیە و بۆ 20 ساڵی داهاتوو دەمێنن.
باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە ناتۆ، ئاماژەی بەوەدا، "ئەو شەڕەی کە لە ئۆکرانیا هەبوو ئیدارەی بایدن هەڵەی کرد رێگەیدا ئەمە رووبدات، چونکە شێوازی ئێمە دیموکراسییە، بەڵام چیدیکە دیموکراسی بەرامبەر بە سەرکوتکاری ناتوانێت کێبڕکێ بکات".
گوتیشی: "هەندێک باوەڕی بە دیموکراسی هەیە هەندێکیش باوەڕی بە سەرکوتکاری هەیە، بۆیە لە کۆنفرانسەدا هەمووتان دەزانن سیاسەتی نیودەوڵەتی چییە ئایا عێراق دەبێتە وڵاتێکی یاسایی و یان دەبێتە وڵاتێکی سەرکەوتکار؟، کێ بیباتەوە دەتوانێت هەموو سیاسەتی خۆی بسەپێنێت بەسەر وڵاتەکەدا".
رۆژی دووشەممە (20ـی تشرینی دووەمی 2023) کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک ناسراو بە "مێپس" بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 300 سەرکردە، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و پسۆڕ لە بوارە ئابووری و ئاسایش لە 80 وڵات دەستیپێکرد.
کۆڕبەندی مێپس، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە، چوارەم ساڵە بووەتە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ناوچەکە و جیهان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن و بۆ چارەسەرکردنیان پێشنیاز بخەنەڕوو.
دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە شاشەی کەناڵەکەی، ماڵپەڕ و سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، رووماڵی پانێل و دانیشتنەکانی ئەو کۆڕبەندە دەکات، زانیاری و گفتوگۆکان، راستەوخۆ بۆ وەرگرانی دەگوازێتەوە.