مه‌سعود بارزانی: پێویسته‌ ئایندەی موسڵ لە رووی سیاسی، ئیداری و سەربازی روون بكرێتەوە

ده‌رگه‌ی كوردستان بەسه‌ر خەڵكی لێقەوماو كراوەیە

K24 – هه‌ولێر

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند قۆناغی دوای رزگاركردنی موسڵ گرنگ و هەستیارە، كە چارەنووسی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی پارێزگای نەینەوا بەتایبەتی ئێزیدی و مەسیحییەكان بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌.

مه‌سعود بارزانی به‌ جان كۆبیس نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رایگه‌یاند پێویسته‌ ئایندەی موسڵ بە هەموو وردەكارییەكانییەوە لە رووی سیاسی، ئیداری و سەربازییەوە روون بكرێتەوە و دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا بەشداری پڕۆسە سەربازی، سیاسی و ئیدارییەكان بن و رێز له‌ بڕیاری خەڵكی ناوچەكە و پێكهاتەكان بگیرێت و حەز و بڕیاری ئەوان لەبارەی ئاییندەیان جێبەجێ بكرێت.

سه‌باره‌ت به‌ یارمەتیدانی ئاوارەكان و هاتنی شەپۆلێكی نوێی ئاوارە بۆ هەرێمی كوردستان، سەرۆك بارزانی به‌ نێرده‌ی بان كی مون رایگه‌یاند دەرگەی كوردستان بەڕووی خەڵكی لێقەوماو كراوەیە و ئاماژه‌شی به‌ خەمساردیی حكومەتی عێراق بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان كرد، كە دەربڕینی هاوسۆزی و بەڵێن لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتەنیا یارمەتیی ژیانی ئاوارەكان نادات و پێویستە هەنگاوی پراكتیكی بۆ یارمەتیدانیان بگرێته‌به‌ر.