كاپتنی به‌رازیل رێگای راگرتنی مێسی بۆ یاریزانه‌كان ئاشكرا كردووه‌

به‌رازیل و ئارجێنتینا له‌ كلاسیكۆی زه‌وی به‌ یه‌ك ده‌گه‌ن
به‌رازیل و ئارجێنتینا له‌ كلاسیكۆی زه‌وی به‌ یه‌ك ده‌گه‌ن

بەڕازیل بەبێ کۆمەڵێک لە ئەستێرەکانی لە گەڕی شەشەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، میوانداریی ئارجێنتینا دەکات، بۆ ئەم یارییە نێیمار و ڤینیسیۆس بەهۆی پێکان یاریی ناکەن، لە بەرامبەردا مێسی سەرکردایەتی تانگۆ دەکات.

بەڕازیل دوای دوو دۆڕانی لەسەر یەک و لە بارودۆخێکی ناجێگیر، ئەمجارەیان لە یاریی کلاسیکۆی جیهان، له‌ كاتژمێر 03:30ـی به‌ره‌به‌یانی سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئارجێنتینای رکابەری مێژوویی دەبێتەوە.

بەڕازیلیەکان هەرگیز لە مێژوودا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال لە یاریگای خۆیان تووشی دۆڕان نه‌بوونه‌، چاوەڕێی یارییەکی قورس دەکەن، لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک لە یاریزانانی پێکهاتەی سەرەکیان، بەهۆی پێکان یاریی ناکەن.

نێیمار داسیلڤا بەهۆی پێکانەکەی لە یاریی بەرامبەر ئۆروگوای تووشی بوو تاوەکو وەرزی داهاتوو لە یاریگاکان دادەبڕێت، هەروەها ڤینیسیۆس جونیۆریش پێکانی هەیە، ئەویش یاریی ناکات، لە هێڵی بەرگریش ملیتاو بەهۆی پێکان ئامادەی ئەم یارییە گرنگە نابێت.

لەلایەکی دیکەوە خاوەنی زۆرترین ناسناوی مۆندیال، سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵێک یاریزانی پێکهاتەی سەرەکی بەردەست نیە، ئەوان بێ راهێنەریشن، لەبەر ئەوەی دوای لادانی تیتێ لە پۆستەکەی، فێرناندۆ دەنیزیان وەکو راهێنەری کاتی دیاریکردووە.

لەلایەکی دیکەوە هەڵبژاردەی ئارجێنتینا پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو، لە دوایین یاریی دۆڕاوە و هەموو ئامانجیەتی بۆ ئەم یارییە قەرەبووی ئەو دۆڕانەی رابردوو بەرامبەر ئۆروگوای بکاتەوە، بۆ ئەوەی پێشەنگایەتی لەدەست نەدات.

ئارجێنتینا و بەڕازیل لە مێژوودا 113 جار رووبه‌ڕووی یه‌كتربوونه‌ته‌وه‌، به‌رازیل 46 یاریی بردووه‌ته‌وه‌، 41 یاریی دۆڕاندووه‌، 26 یاریی نێوانیشیان یه‌كسان بووه‌.

ماركینۆس كاپتنی به‌رازیل: مێسی داهێنه‌ره‌

پێش یارییەکەی به‌ره‌به‌یانی سبه‌ی، مارکینیۆس بەرگریکاری هەڵبژاردەی بەڕازیل، ستایشی ئاستی لیۆنێل مێسی یاریزانی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا دەکات.

ماركینۆس به‌مشێوه‌یه‌ بۆچوونی خۆی له‌باره‌ی مێسی و كلاسیكۆی جیهان ده‌ربڕی: لیۆنێل مێسی داهێنەرە، ئەو یاریزانێکی ژیرە، یاریزانێکە کە جیاوازی دروست دەکات، گەرچی تەمەنی بووەتە 36 ساڵ، بەڵام بەردەوام دەبێت لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی گەورە، وەک هاوڕێ و هاوکارەکەی پێشووی دەڵێم بەڕاستی من چێژم لە یاریکردن لەپاڵ ئەو یاریزانە لە پاریس سانجێرمان بینیوە، من زۆر شت لە مێسی فێربوومه‌، بەڵام بەداخەوە ئەمجارە لە دوو لایەنی جیاواز چاومان بەیەک دەکەوێت، لەگەڵ هاوڕیه‌کانیشم لە هەڵبژاردەی بەڕازیل باسم لە رێگاکانی راگرتنی لیۆ کردووە، رەنگە ئەمە دەربڕینێکی دروست نەبێت، بەڵام هەوڵدەدەین جوڵەکانی لە یاریگە سنووردار بکەین، ئێمە دەزانین کە یاریزانێکی ناوازەیە، بۆیە دەبێت وریابین، زۆربەی پاسەکانی ئارجێنتینا بە خاڵی مێسی تێپەڕ دەبێت، چونکە ئەو دروستکەری یارییە، بۆیە دەبێت زۆر هۆشیاربین، دەبێت دانی پێدابنێین زۆربەی هێرشەکانی ئارجێنتینا راستەوخۆ لەلایەن مێسیەوە ده‌ستپێده‌كات، دووبارەی دەکەمەوە کە مێسی یاریزانێکی گەورەیە و داهێنەرە و پێویستە هۆشیار بین.