بەدر سەیف: کوەیت پەیوەندییەکی باش و مێژوویی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە

K24 - هەولێر

مامۆستایەکی زانکۆی کوەیت رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی پەیوەندییەکی باش و مێژوویی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و، "هیوادارم ئەم پەیوەندییە بەردەوامیی هەببێت".

رۆژی سێشەممە، 21-11-2023، بەدر سەیف، مامۆستا لە زانکۆی کوەیت، لە چوارەمین کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە پەیوەندییەکی باش و مێژوویەکی باشمان لەگەڵ کوردستان هەیە و هیوادارین لە داهاتوودا باشتریش بێت".

وەک ئەوەی ئەو مامۆستایە باسی کرد، "ئەم کۆڕبەندە لە گرنگترین کۆڕبەندەکانی ناوچەکەیە کە پەیوەستە بە ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری؛ هەرچەندە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرگیز بێ کێشە نابێت، چونکە ئەم ناوچەیە هەمیشە ململانێ و ناکۆکی تێدایە، بۆیە پێویستە گفتوگۆی لەسەر بکەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن ئەم ململانێیانە کەم بکەینەوە".

گوتیشی، "کاتێک ئامادەکاری بۆ ئەم کۆڕبەندە کرا، شەڕ لە غەزز نەبوو بەر لە ساڵێک شەڕی ئۆکرانیاش نەبوو، بۆیە ململانێکان لە زیاد بووندان، پێویستە ئێمە وەکو بیرمەند لێی بکۆڵێنەوە و گفتگۆ بکەین، لەسەر ئەوەی بتوانین چۆن ململانێکان کەم بکەینەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "رێگا کولتوورییەکان وا دیارە چیدیکە سوودیان نەماوە، بۆیە پێویستیمان بەو کۆڕبەندە دەوڵەت بڕانەیە، بۆ ئەوەی لە وڵاتە جیاوازەکانەوە لە یەکتری تێبگەین و بیرۆکەکانمان بگۆڕینەوە، ئەمە بۆخۆی دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزی".

رۆژی دووشەممە 20-11-2023، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 300 سەرکردە، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و پسپۆڕ لە بوارە ئابووری و ئاسایش لە 80 وڵات دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.

کۆڕبەندی مێپس، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە، چوارەم ساڵە بووەتە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ناوچەکە و جیهان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن و بۆ چارەسەرکردنیان پێشنیاز بخەنەڕوو.

ئامادەکردن: لاڤین عومەر