وەزیری دارایی: تیمێک بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە دەچێتە بەغدا

ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری دارایی و ئابووریی رایدەگەیەنێت، راگەیاندنی پڕۆژەی "هەژماری من" لەلایەن حکومەتەوە "بڕیارێکی زۆر بوێرانە و لە جێگەی خۆی بوو". لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانیش دەڵێت، "تیمێک بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە دەچێتە بەغدا". 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-11-2023، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی تۆمارکردنی ناوی فەرمانبەرانی زانکۆی کۆیە لە پڕۆژەی "هەژماری من" سەردانی ئەو زانکۆیەی کرد و دواتر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی بەشێک لە پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.

لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆران و ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، وەزیری دارایی گوتی، "ئەو ئەرکانەی لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون، جێبەجێکراون و دوا تەروازووی پێداچوونەوەمان ناردووە. تیمێک بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە دەچێتە بەغدا؛ ئەوەی ئێمە هەستی پێدەکەین و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێمان گەیشتووە، ئامادەیی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان".

وەزیری دارایی راگەیاندنی پڕۆژەی "هەژماری من" لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە "بڕیارێکی زۆر بوێرانە و لە جێگەی خۆ" ناودەبات و دەڵێت، پڕۆژەکە "کێشەی سیولە و وەرگرتنی مووچە چارەسەر دەکات. هەروەها لەرێگەی هەژماری منەوە هاووڵاتییان دەتوانن سوود لە خزمەتگوزارییە بانکییەکانی وەک قەرز ببینن".

بە گوتەی ئاوات جەناب نووری، "پڕۆسەکە لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت. لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا ناوی تەواوی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و تایبەت لە پڕۆژەی هەژماری من تۆماردەکرێت".

ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو هاووڵاتییەک لەرێگەی ئەو ڤیزا کارتەی کە هەڵی دەگرێت، دەتوانێت هەم مووچەکەی وەربگرێت و هەم ئەو پارەیەی کە لە هەژمارەکەی هەیەتی، خەرج بکات. هەروەها هاووڵاتییان دەتوانن لەرێگەی ڤیزا کارتەکانیانەوە، لە هەموو ئەوروپا و جیهان پارەکەیان خەرج بکەن".

پرۆژەی هەژماری من؛ دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات. (بۆ زانیاری زیاتر؛ ئێرە کلیک بکە).

لە (7ـی ئاداری 2023) بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەک یەکەم هەنگاوی تاقیکاری، لە نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر، چوونە بواری جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من راگەیەندرا، کە نزیکەی 850 مووچەخۆری ئەو نەخۆشخانەیە لە رێی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان وەرگرت.

تاوەکو ئێستا لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە 150 هەزار مووچەخۆری حکومی لە دامودەزگا جیاوازەکانی حکومەتی لە پرۆژەی هەژماری من تۆمارکراون و پێنج بانک لە پرۆژەکە بەشدارییان کردووە کە بریتین لە بانکەکانی ئارتی بانک، جیهان، ئاشوور بانک، بانکی BBAC و بانکی نیشتمانی عێراق (NBI).