پارێزگاری هەولێر: تابلۆی دوو هەزار و 389 شوێن بۆ زمانی کوردی گۆڕدراون

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 - هەولێر

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، تاوکو ئێستا تابلۆی دوو هەزار و 389 شوێن لە سەنتەری شاری هەولێر بۆ زمانی کوردی گۆڕدراون. 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-11-2023، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی گۆڕینی تابلۆی شوێنە گشتی و تایبەتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بۆ زمانی کوردی، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆبوونەویەک لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "جێگەی خۆشحاڵییە، زۆرینەی شوێن و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنووری پارێزگای هەولێر تابلۆکانیان بۆ زمانی کوردی گۆڕیوە. دەستخۆشی لە هاووڵاتییانیش دەکەین کە ئەوانیش بەشێکی گرنگ بوون لە سەرخستنی پڕۆسەکە و پێش ئەوەی پڕۆسەکە بگاتە قۆناغی سزادان، تابلۆکانیان گۆڕی".

بە گوتەی ئومێد خۆشناو، "تەنها لە سەنتەری شاری هەولێر تاوەکو ئێستا تابلۆی دوو هەزار و 389 شوێن بۆ زمانی کوردی گۆڕدراوە. ئەم شوێنانە لە پڕۆسەکە ئاگادارکراونەتەوە و بە خۆشحاڵییەوە بەشێکی زۆریان پێگیربوون".

لەبارەی ئەو شوێنانەی پێگیری بڕیارەکە نەبوون، پارێزگار گوتی: "ئەو شوێنانەی پێگیرنەبوون؛ لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە و پێبژاردنیان پێ کراوە. لەم چوارچێوەیەدا 397 شوێن داخراون، سزادراون و پێ بژاردنیان پێ کراوە".

دەشڵێت: "لێرەوە دەرفەتێکی دیکە بەو هاووڵاتییانە دەدەین بۆ ئەوەی خۆیان کارەکان ئەنجام بدەن و تابلۆکانیان چاک بکەن؛ ئەگە نا لە هەفتەی داهاتوو تیمەکان دەستکراوە دەبن بۆ ئەوەی رێکاری دیکە بەرامبەر ئەو شوێنانە بگرنەبەر، کە پابەندی رێنماییەکان نەبوون؛ لەوانەش تەئمینات وەربگرن، شوێنەکان دابخرێن و خاوەکانیان سزا بدرێن".

رۆژی (21ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی زمانی دایک بوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو فەرمانی تایبەتی بە گرنگیدان بە زمانی دایک دەرکرد.

له‌ فه‌رمانی یه‌كه‌مدا هاتبوو، لە پێناو گرنگیدان بە زمانی کوردی وەک زمانی دایک، "بڕیارماندا بە راسپاردنی هه‌ردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و شارەزا و پسپۆڕانی ئەم بوارە، بە ئامادەکردنی پرۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی بەمەبەستی کارکردن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن".

له‌ فه‌رمانی دووه‌مدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گشت وه‌زاره‌ته‌كانی راسپاردووه‌ پاڵپشت به‌ یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق ژمارە (6)ی 2014، لەپێناو پاراستنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان، نووسینگە و نوێنەرایەتی و کونسوڵگەری وڵاتان، رێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت.

هەروەها له‌ فه‌رمانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تدا هاتووه‌، لە هۆتێل و شوێنە گەشتیاری و رێستورانتەکان، دەبێت گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و رێبەر و رێنماییەکان، بەزمانی کوردیش هەبێت.