ئەنجوومەنی وەزیران چەند پێشنیار و راسپاردەیەکی ئەنجوومەنی راژەی گشتی پەسەند دەکات

K24 - هەولێر:

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 22ـی تشرینی دووه‌می 2023)، سەرۆکوەزیران بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران ئامادەی بوو، لە بڕگەی یەکەمدا، بەڕێز سیراج بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە میلاکی گشتیی و هێزی کاری کەرتی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ژمارە و داتا و زانیاری ورد لە سەر ئەم بابەتە و پێشنیار و چارەسەری پێویستیی خستەڕوو، بەمەبەستی بە دامەزراوەییکردنی پرۆسەی دامەزراندن لە کەرتی گشتیی، بە ڕەچاوکردنی پەیکەری کارگێڕیی وبەڕێوەبردنی پێکهاتەی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم.

لەمبارەیەوە پێشنیارو ڕاسپاردەی پێویستی بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات و وەزیفەی گشتی بە شێوەیەکی زانستی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان پێشکەش کرد کە کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر کەرتی وەزیفەی گشتیی، دواتر لە نێو ڕاپۆرتەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، ئەنجامی پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە میلاکی گشتیی و ئاماژەیدا بەوە دا کە سەرجەم خشتە و زانیاریی و ژمارەکان خراونەتە بەردەم تیمی هاوبەشی وردبینی و لە ئەنجامدا دوای وردبینی، خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم پێشکەش بەهەردوو حکومەتی فیدڕاڵیی وهەرێم کرا کە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران.

دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە، ئەنجومەنی وەزیران چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی پەسەند کرد لە پێناوی بە دامەزراوەییکردنی زیاتری کەرتی وەزیفەی گشتیی و هێزی کار لە دامەزراوەکانی هەرێم، هەروەها سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە هاوکاری ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پەسەندکران، فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچووونیش ڕاسپێردرا بۆ ڕەخساندنی هەماهەنگی بۆ ئەم مەبەستە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کارنامەکە، گفتوگۆ دەربارەی جێبەجێکردنی چەند ماددە و بڕگەیەکی دیکەی یاسای چاکسازی کرا تایبەت بە بواری خانەنشینیی کە لەلایەن بەڕێز عەبدولحەکیم خەسرەو سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی خرایەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی گرنگیی بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە پرۆسەیەکی ستراتیژیی بەردەوامە بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی وەزیفەی گشتیی و خانەنشینیی لە هەرێم لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی دادپەروەریی و شایستەبوون لە سوودمەندی لە بودجەی گشتیی، لە هەمانکاتدا، ئەنجومەن جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە کردەوە کە ئامانج لێی داکۆکیکردنە لە مافەکانی مووچەخۆری شایستە کە پێویستە مافیان پارێزراو بێت.

675
67
67