کەمال محەممەد: هەموو لایەنەکان لە سەرەتاوە ئاگاداری هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوون

کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان (بەوەکالەت)
کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان (بەوەکالەت)

K24 – هەولێر:

وەزیری سامانە سرووشتییەکان (بەوەکالەت)، رایدەگەیەنێت؛ کاتی خۆی هەرێمی کوردستان بە ناچاری دەستی بە هەناردەکردنی نەوت کرد و، هەموو لایەنەکانیش لە سەرەتاوە ئاگاداری هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوون. گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانووێکی بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و غاز نەهێشتووەتەوە.

کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان (بەوەکالەت) لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پیشکەشی دەکات، رایگەیاند، سازدانی کۆڕبەندی مێپس لە کاتێکی وا هەستیار زۆر گرنگ بوو بەهۆی ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی ئالنگاری گەورە بووەتەوە وەک جەنگی حەماس و ئیسرائیل، لەلایەکی دیکەوە جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا بەردەوامە کە کاریگەری کردووەتە سەر ئابووری هەموو جیهان، هەروەها لە کۆڕبەندەکەدا کۆمەڵێکی پرسی گرنگ تاووتوێ کران، کێشەکان و چارەسەرەکانیشیان خرانەڕوو.

بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی ووزەی خۆر و غازی هاوتا

وەزیری سامانە سرووشتییەکان (بەوەکالەت)، ئاماژەی بەوەدا، گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا سەرەتاسەری جیهانی گرتووەتەوە ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان بێبەش نەبووینە لە کاریگەری ئەو گۆڕانکارییانە، هەروەها لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر باش نراوە لە بواری ووزە، ئێمە لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی ووزەی خۆر چوار گرێبەستمان ئەنجامداوە کە بڕی 300 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، هەروەها لەم کابینەیەدا 393 هەزار هاوبەشی کارەبا زیاد بووە.

کەمال محەممەد ساڵح، دەشڵێت: لە گەرمیان یەکەمین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی غازی هاوتاوە ئەنجامدراوە، پڕۆژەکە 165 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، هەروەها هەمان پڕۆژە لە سەرسەنگ چووەتە بواری جێبەجێکردن، کە بڕی 100 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، هەروەها چوار گرێبەستیش بۆ بەرهەمهێنانی 300 مێگاوات کارەبا لە رێگەی ئاو، واژۆکراون.

گوتیشی: لە هەر یەک لە پڕۆژەکانی خورمەڵە و بازیان 500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنین و، لەو نزیکانە پڕۆژەکان تەواو دەبن.

وەزیری سامانە سرووشتییەکان (بەوەکالەت)، باسی لەوەکرد، ئێمە وەکو ژێرخان 7400 مێگاوات کارەبامان هەیە، هەندێک جار کێشەی کەمی کارەبا دەگەرێتەوە بۆ کەمی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا، هەروەها کاتێک وەرزی سەرما دێت خواست لەسەر کارەبا زیاد دەکات و لۆدێکی زۆر دەکەوێتەسەر وێستگەکانی کارەبا.

دابەشکردنی نەوتی سپی

کەمال محەممەد ساڵح، دەڵێت: ئەمساڵ زوو دەستمان بە دابەشکردنی نەوتی سپی کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 600 هەزار خێزان نەوتی سپییان بەسەردا دابەشکراوە، وەک وەجبەی یەکەم هەموو خێزانێک بەرمێلێک نەوتی سپی وەردەگرێت، ئەمەش مانای وانییە کە دابەشکردنی نەوت بەردەوام نابێت، ئێمە بەردەوام لەگەڵ عێراقیش لە هەوڵداین کە بەشی نەوتی سپی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و ئەوان رەزامەندیان نیشانداوە کە پێنج ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە نەوتێکیان نەناردووە.

ئەوەشی راگەیاند، کاتێک وەزیری نەوتی عێراق و شاندی یاوەری سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەسەر پرسی نەوت  لەگەڵ تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، ئێمە بە ئەوانمان راگەیاند، ئێوە هەر لیتریك نەوت بە چ  نرخێك بە هاووڵاتییانی خۆتان دەدەن، هەر بەو نرخەش بیدەن بە هاووڵاتییانی ئێمە، عێراق هەر لیترێک بە 150 دینار دەداتە هاووڵاتییانی خۆی، بەڵام بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەر لیتری بە 500 دیناری کردووە، بەنزینیش بە نرخی 450 دینار بۆ هەر لیترێک دەداتە هاووڵاتییانی خۆی، بەڵام بە 650 دینار بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت.

گوتیشی: ئەگەر عێراق بەشە نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکات بۆ جارێکی دیکە دابەشکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.

هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان

وەزیری سامانە سرووشتییەکان (بەوەکالەت)، گوتی: هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ساڵی 2014 دەستپێکرد ئەویش بە هۆکاری ئەوەی حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیبوو، هەروەها نرخی نەوتیش زۆر دابەزیبوو بەهۆی شەڕی داعش، بۆیە هەرێمیش بۆ دەستکەوتنی داهات ناچار بوو نەوت بەشێوەیەکی سەربەخۆ هەناردەبکات.

گوتیشی: هەرێمی کوردستان تاکلایەنانە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەنەکردووە، هەروەها ئەو کارەی بەبێ رەزامەندی بەغدا نەکردووە، بەڵکو ئەو کاتی کە خوالێخۆشبوو مام جەلال، سەرۆکی کۆماری عێراق بوو، خۆی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئەو پڕۆژەیان راگەیاند و پڕۆژەکە یاسایی بوو حکومەتی عێراقیش ئاگاداربوو، لەلایەکی دیکەش لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان نەوتی کەرکووکیش هەناردەی دەرەوە دەکرا کە ئەوەشیان لەسەر داوای حکومەتی ئەوکاتی عێراق بوو.

راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و سکاڵای دادگای پاریس

کەمال محەممەد ساڵح، رایگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق بە بڕیارێکی نادروست لە دادگای پاریس سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمارکرد کە گوایە تورکیا رێگەییداوە لە رێگەی بۆریەکەی خۆی نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی جیهان بکرێت، هەروەها ئەوان داوای قەرەبووی داهاتی نەوتیان لە 2014 تا  2018 لە تورکیا کردبوو.

هاوکات راشیگەیاند، لە 25ـی 3ـی ئەمساڵەوە بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، عێراق زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار زیانیکردووە، کاتێک ئێمە نەوتی خۆمان دەفرۆشت هەموو مانگێک مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکرا و داهات لەبەردەست حکومەت هەبوو بۆ پڕۆژەکان، بەڵام کاتێک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی رێککەوتنمان کرد لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی حکومەتی فیدراڵیەوە تا ئێستا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە.

وەزیری سامانە سرووشتییەکان (بەوەکالەت)، ئاماژەی بەوەشدا، کاتێک حکومەتی فیدراڵی سکاڵای تۆمارکرد لەسەر هەنادەرکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە پێنج سکاڵا تەنیا یەک سکاڵا لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاری لەسەردرا، چوار سکاڵاکەیدی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەردرا، یەکەمیان؛ ئیدارەدان، دووەمیان؛ دەرهێنانی نەوت، سێیەمیان؛ هەناردەکردنی نەوت، چوارەمیان؛ بەکۆگاکردنی نەوت مافی هەرێمە. تەنیا هەرێمی کوردستان بۆی نییە نەوتی خۆی بفرۆشێت. ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیکمان نییە لەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت، بەڵکو نەوت فرۆشتن لە رێگەی سۆمۆ لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە، بەڵام کێشەکە ئەو کۆمپانیا بیانیانەیە کە کاری دەرهێنانی نەوت دەکەن لە هەرێمی کوردستان، لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ دەرهێنانی یەک بەرمیل نەوت تەنیا هەشت هەزار و 609 دیناری عێراقی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە کە بیداتە کۆمپانیاکان، ئێمە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەمان کردووە رازی نینە بەو نرخە دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئەو گرێبەستانەی کە ئێمە لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان هەمانە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت 24 دۆلار دیاریکراوە، عێراق ساڵانە بودجەیەکی تایبەت بۆ دەرهێنانی نەوتی خۆی تەرخان دەکات، بودجەیەکیشی بۆ گواستنەوەی نەوتی خۆی تەرخانکردووە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ داوایکردبوو پێداچوونەوە بە گرێبەستییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، ئێمە لاریمان نییە لەسەر ئەوەی کە پێداچوونەوە بە گرێبەستەکان بکرێت، بەڵام بە مەرجێک ئەگەر کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان رازی بن ئێمە لاریمان نییە، گرێبەستەکانی حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت لەسەر هاوبەشیکردنی داهاتی نەوتە، بەڵام گرێبستەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان لەسەر هاوبەشییە لەسەر دەرهێنانی نەوت، گرێبەستی هەردوولامان نزیکی یەکن و کێشەیان نییە.

کەمال محەممەد ساڵح، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لەبەرامبەر حکومەتی فیدراڵی جێبەجێکردووە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی تا ئێستا پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکردووە. گوتیشی: لە ئێستادا وەزارەتی نەوتی عێراق جددین لەسەر ئەوەی کە کێشەکان چارەسەربکرێن و دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە، هەروەها لە 1ـی 12 کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجامدەدەین لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر ئەو پرسە بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی کۆتایی.

یاسای نەوت و غاز

وەزیری سامانە سرووشتییەکان (بەوەکالەت)، گوتی: ئەو پڕۆژەیاسایە چەندین ساڵ کاری لەسەر کراوە بەڵام تا ئێستا رێککەوتن ئەنجامنەدراوە کە ببێتە یاسا، ئەو داواکارییانەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایە دەیەوێت بەڕاستی هیچ شتێک بەناوی هەرێمی کوردستان ناهێڵێت، کە دەیانەوێت هەموو دەسەڵاتەکان ناوەندی بن، پێشبینی دەکەم کە عێراق نەیەوێت ببێتە خاوەنی یاسای نەوت و غاز، بۆیە جێبەجێکردنی یاساکە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.

ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت یاسای نەوت و غاز بە هاوبەشی هەردوو حکومەت جێبەجێ بکرێت، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان شاندێکی باڵای بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یاسای نەوت و غاز پێکهێناوە ئەگەر وەک یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق ببێتە زۆرێنە و کەمینە ئەوە مانا و سوودی خۆی نادات، هەموو هەوڵێک دەدەین ئەو یاسایە لە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بێت.