تیپی هونەری میللی کەرکووک بە تابلۆی گەرمیان شەقامیان هێنایە جۆش و خرۆش

K24 - هەولێر:

تیپی هونەری میللی کەرکووک بە تابلۆی گەرمیان شەقامیان هێنایە جۆش و خرۆش، سەرپەرشتیاری تیپە هونەرییەکە راگەیاند: لەگەڵ راگەیاندنی بەڕێوەچوونی حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە شارە جوانەکەمان، بڕیارماندا بەشداری لەو فێستیڤاڵە بکەین.

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەر شەقامی کەرکووک، تیپی هونەری میللی ئەو شارە، کە "هەڵۆ جەباری" سەرپەرشتی ئەو گرووپە هونەرییە دەکات و لە 25 کچ و کوڕی خوێن گەرم پێکهاتوون تابلۆی "گەرمیان"ـیان پێشکەش کرد و هۆڵی نمایشە شانۆییەکانیان هێنایە جۆش و خرۆش.

"هەڵۆ جەباری" سەرپەرشتیاری تیپە هونەرییەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: لەگەڵ راگەیاندنی بەڕێوەچوونی حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە شارە جوانەکەمان، بڕیارماندا بەشداری لەو فێستیڤاڵە بکەین، کە حەوت ساڵە بە دوای باڵاکردنی هونەری شانۆیە لە کەرکوک و دەیانەوێت پێشکەوتنی شانۆی کوردی لە فێستیڤاڵێکی لەمشێوەیەدا نیشانی هونەردۆستانی کوردستان و هونەرمەندانی ئێران و عێراق و ئوردن و وڵاتانی بەشداربوو بدەن، بۆیە ئێمەش بۆ جوانکردنی فێستیڤاڵەکە بە تابلۆی "گەرمیان" بەشداریمان لە فێستیڤاڵەکەدا کرد و سەرنجی ئامادەبووانمان بە لای خۆماندا راکێشا.