هێزەکانی ئەمەریکا هێرشێکی درۆنیان تێکشکاند

K24 - هەولێر

هێزەکانی ئەمەریکا هێرشێکی درۆنی حوسییەکانیان لە دەریای سوور تێکشکاند.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/11/2023، هێزەکانیان هێرشێکی درۆنی حوسییەکانی یەمەنیان لە دەریای سوور تێکشکاندووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا، ئەو درۆنانەی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانەوە ئاڕاستەکراون لەلایەن کەشتی دەریای تۆماس هەندەرەوە لە دەریای سووری تێکشکێندراون.

ئاماژەی بەوەشداوە، کەشتی تۆماس هەندەر کە درۆنەکانی تێکشکاندووە، هیچ زیانێکی بەرنەکەتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە حوسییەکانی یەمەن چەند جارێک لە رێگەی درۆنەوە هەوڵی هێرشکردنە سەر خاکی ئیسرائیلیان داوە.

لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە وڵاتانی ناوچەکە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا زیادیکردووە.