ئێران مۆڵەتی کارکردنی ژمارەیەک پسپۆڕی ئاژانسی وزەی ئەتۆم هەڵدەوەشێنێتەوە

لۆگۆی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی
لۆگۆی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی

K24 - هەولێر

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە رەتکردنەوەی مۆڵەتی چالاکیی پسپۆرانی ئەو ئاژانسە لەلایەن ئێرانەوە نیگەرانە. لە بەرانبەردا ئێران داوا لە ئاژانسەکە دەکات خۆی لە هەڵوێستی سیاسی بەدوور بگرێت.

رافائێل گرۆسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک لە کۆبوونەوەی وەرزانەی ئاژانس، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران مۆڵەتی کارکردنی یەک لەسەر سێی پسپۆڕە سەرەکییەکانی ئاژانسی هەڵوەشاندووەتەوە و و ئەوەش زیانێکی زۆری بە پلانی چاوەدێریکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران گەیاندووە.

ڕافئێل گرۆسی دەڵێت: "ئەم بڕیارەی ئێران زیانێکی گەورەی بە تواناکانی ئاژانس بۆ چاوەدێریی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران گەیاندووە. هەڵبەت ئێمە لەسەر چالاکییەکانمان هەر بەردەوام دەبین. بەڵام ئەوان رێگرییان لەو پسپۆڕانە کردووە کە شارەزایی و ئەزموونێکی زۆریان بە تایبەت لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆمدا هەبووە. ئامادەکردنی ئەو پسپۆڕانە و هەبوونی ئەزموون و شارەزایی بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان، کاتێکی زۆری دەوێت".

دوابەدوای لێدوانەکانی گڕۆسی؛ محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئیران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، وڵاتەکەی لە چوارچێوەی یاساکانی پەسندکراوی پەرلەمانی ئێراندا و لە ژێر چاوەدێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبێت.

محەممەد ئیسلامی بە ئاماژەکردن بەوەی ئێران رێگای بە چالاکی و چاودێریی 120 پسپۆڕی ئاژانس داوە؛ ئەوەشی خستەڕوو، "ئێران بە پێی ڕێککەوتنەکان مافی خۆیەتی ئەو پسپۆڕانی ئاژانس دەیانناسێنێت رەتبکاتەوە" و داواشی کرد، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی واز لە "هەڵوێستی سیاسی" بهێنێت.

هاوکاتیش نوێنەرایەتیی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ڕاپۆرتی هەفتەی ڕابردووی سێ وڵاتی ئاڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە چوارچێوەی رێوشوێنە نێودەولەتییەکان و بە چاوەدێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بووە.