ئیسرائیل: شەڕ بەردەوامە و ئەمڕۆش ئاگربەست جێبەجێ ناکرێت

K24 - هەولێر

دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە رایانگەیاند، شەڕکردن بەردەوامە و ئازادکردنی بارمتەکان و دەستپێکردنی ئاگربەست لە پێش هەینی ئەنجام نادرێت.

تزاچی هانگبی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "دانوستاندنەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بەردەوامن"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئازادکردنی بارمتەکان پێش هەینی دەستپێناکات".

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە رایگەیاندووە، "رۆژی پێنج شەممەش شەڕ لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینیدا بەردەوامە و راناگیرێت".

ئەم راگەیاندنە دوای ئەوە دێت، کە پێشبینی دەکرا ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاگربەستی چوار رۆژە دەستپێبکات، لەو ماوەیەدا بارمتە گیراوەکانی حەماس و زیندانیانی زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکرێن.

تەنانەت نووسینگەی حکومەت لە ئیسرائیل درەنگانی ئێوارەی چوارشەممە رۆژنامەنووسانی بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی بێنە ناوەندێکی راگەیاندن لە تەلئەبیب کە تایبەتە بە "گەڕانەوەی بارمتەکان" کە لە پاشنیوەڕۆی پێنجشەممەوە دەستپێدەکات.

ئیسرائیل و حەماس گەیشتنە رێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە و لەو ماوەیەدا بزووتنەوەی حەماس 50 ژن و منداڵ لە نێو ئەو بارمتانەی کە لە غەززە دەستگیری کردوون ئازاد دەکات لە بەرامبەر ئازادکردنی 150 ژن و منداڵی فەڵەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل زیندانیکراون.

ئەم ڕێککەوتنە لە چل و حەوتەمین رۆژی ئەو شەڕەدا کرا، ئەمەش دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل  کە لە 7ـی ئۆکتۆبەر ئەنجامیدا، بەگوێرەی ئاماری دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لە هێرشەکەدا هەزار و 200 کەس کوژراون کە زۆرینەیان خەڵکی سڤیل بوون. هەروەها لەهێرشەکەی ئیسرائیلیش نزیکەی 13 هەزار هاووڵاتی سڤلی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 30 هەزار کەسیش بریندار بوون.