"پارتی بۆ ئازادی" زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی هۆڵەندای بەدەستهێنا

K24 - هەولێر

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا، پارتی بۆ ئازادی کە پارتێکی راستڕەوی توندڕەوە و لەلایەن گریت ویڵدەرسەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، بە دژە پەنابەر ناسراون، توانی بە بەدەستهێنانی 36 کورسی لە کۆی 150 کورسی پەرلەمانی هۆڵەندا ببێتە براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

هەر بەپێی ئەنجامە بەراییەکان پارتی کرێکاران کە لەلایەن فرانس تیمەرمانسەوە سەرۆکایەتی دەکرێت توانیویەتی بە بەدەستهێنانی 25 کورسی ببێتە براوەی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا.

هاوکات، پارتی ئازادی و دیموکراسی کە لەلایەن ئافرەتێکی کوردی باکووری کوردستان بەناوی دیلان یەشیلگویزەوە سەرکردایەتی دەکرێت 24 کورسی بەدەستهێنا.

بەو پێیەی هیچ پارتێک زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی هۆڵەندای بەدەستنەنهێاوە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆکانی تایبەت بەپێکهێنانی حکومەتی نوێ لەلایەن پارت و هاوپەیمانێتییەکانەوە دەستپێبکات.

دوێنێ 22/11/2023، لە هۆڵەندا وێستگەکانی دەنگدان بە رووی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان کرایەوە و پڕۆسەی دەنگدان تا کاتژمێر 11ی شەو بە کاتی هەولێر بەردەوام بوو.

بە گوێرەی ئامارەکان، رێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە سەدا 66 زیاتر بوو، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 نزیکەی لەسەدا 8 کەمیکردووە.

 

لە سەرانسەری هۆڵەندا نۆ هەزار و 823 بنکەی دەنگدان بەڕووی هاووڵاتیاندا کراوه‌ن، زیاتر لە 13 ملیۆن کەس لەو وڵاتە مافی دەنگدانیان هەبوو، هەزار و 128 کاندید لە 26 پارت و هاوپەیمانی جیاواز خۆیان کاندید کردبوو.