ئومێد خۆشناو: لە پێدانی کارەبای نیشتمانی ستەم لە هەولێر دەکرێت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە پێدانی کارەبای نیشتمانی ستەم لە هەولیر کراوە، داواش دەکات وەزارەتی کارەبا پێداچوونەوە بەو بابەتەدا بکات و پێدانی کارەبا بە شارەکانژ دادپەروەرانە بێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "کارەبای نیشتمانی یەکێکە لەو گرفتانە، کە ئێمە دوو وەرز کارەبامان باشە ئەویش پایز و بەهارانە، بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ پایزەکەش کارەبای نیشتمانی خراپ بووە، بە جیاواز لەگەڵ شارەکانی دیکە هەولێر ستەمی لێکراوە".

گوتیشی: "بە بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی کارەبا ئەو گفتوگۆیەمان کردووە، هەروەها لە رۆژانی رابردووش دۆخەکە زۆر خراپتر بووە، هەروەها لە وەرزی سەرمادا خواستی لەسەر کارەبا زیاتر دەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەست بەوە دەکەین نادادپەروەری هەیە، بۆیە زۆرجار دانیشتووانی هەولێر پارەی موەلیدەکان زیاتر دەدەن، چونکە کارەبای نیشتمانی لە هەولێر کەمترە، هەروەها لەسەر ئەو بابەتە چەندین جار لەگەڵ وەزیری کارەبا و لایەنە پەیوەندارەکان قسەمان کردووە، لەو چەند رۆژەی رابردووشدا دۆخی کارەبای نیشتمانی لە هەولێر خراپتر بووە".

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: "هیوادارین تێستی ساڵانەی کارەبای نیشتمانی ببێتە تێستی وەرزی، چونکە تێستی ساڵانە یەکێک لەو هۆکارانەیە کە بڕی کارەبای نیشتمانی دیاری دەکرێت، بۆیەش هاووڵاتییان ئەو دوو سێ رۆژە زیاتر فشارەکانیان لەسەر بەڕێوەبەرایەتی کارەبای 1 و2ـی هەولێر وکارەبای گشتی هەولێر و چاککردنەوەی کارەبا بووە، چونکە پێیان وایە کارەبای ئەو یان گەڕەکەکەیان تێکچووە، کەچی بەرهەمەکەمان کەمتربووە".

دەشڵێت: "داواکارین لە وەزارەتی کارەبا پێداچوونەوە بەو بابەتە بکات، بەشێوەیەکی داپەروەرانە، ئەوەی هەیە بە دادپەروەری دابەش بکرێت، ئەگەر لە شارێک 12 تا 13 کاتژمێر کارەبا هەبێت و لە شارێکیش 2 تا 3 کاتژمێر هەبێت، بە دڵانیاییەوە ئەرکی خەڵک قورستر دەکات دادپەروەری نییە".