گوتەبێژی بارەگای بارزانی: سووننەکان تا ئێستا جێگرەوەی حەلبووسییان دیارینەکردووە

خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی
خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی

K24 - هەولێر

گوتەبێژی بارەگای بارزانی دەڵێت، تا ئێستا لایەنە سووننەکان لەسەر ناوێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-11-2023، خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24، رایگەیاند: "پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان مافی پێکهاتە سووننەیە؛ سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە هەر كاندیدێك كە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت، پێویستە كۆدەنگی یان رەزامەندیی زۆرینەی لایەنە سووننەكانی ناو پارلەمانی عێراقی لەسەر بێت".

خالیدە خەلیل گوتیشی: "هەر پارتێکی سیاسیی سووننی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەیە و تا ئێستا لایەنە سووننەکان لەبارەی دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن".

بە گوتەی گوتەبێژی بارەگای بارزانی، "گرنگە لایەنە سووننەکان پێش ئەوەی پڕۆسەکە بگاتە نێو هۆڵی پەرلەمان و دەنگدان دەستپێبکات، لەسەر ناوی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رێکبکەون، چونکە ئەگەر رێککەوتن نەبوو، بابەتەکە لەناو هۆڵی پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە و وەکو دەزانین زۆرینەی پەرلەمان لە دەستی چوارچێوەی هەماهەنگی و شیعەکاندایە و ئەو کات لە بەرژەوەندی سووننەکاندا نابێت".  

رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە تۆمەتی "ساختەکردنی واژۆی پەرلەمانتار لەیس دلێمی" ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی هەڵوەشاندەوە، بەمەش کێشەیەکی دیکە لە عێراق سەریهەڵداوە، کە ئێستا بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەن.

بە بڕوای بەشێک لە چاودێرانی سیاسی دوورخستنەوەی حەلبووسی لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، زیان بە دەنگ و پێگەی حەلبووسی دەگەیەنێت.

رۆژێک دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی محەممەد حەلبووسی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دادگای باڵای فیدراڵی رەچاوی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکانی نەکردووە، بەپێی ماددەی 49 لە دەستوور و بەپێی یاسای هەڵبژاردن بڕیارەکەی دادگا یاسایی نییە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هەموو لایەنێک پابەندی دەستوور بن".