محەممەد زراری: یاسای بودجە رێگرە لە گەیشتنی پارەی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان

محەممەد زراری، گوتەبێژی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان
محەممەد زراری، گوتەبێژی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، ووردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە، هەروەها مانگانە 940 ملیار دینارمان پیویستە بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

محەممەد زراری، گوتەبێژی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لەژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، لەدوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری بۆ بەغدا لە 15ـی 9، لە 17ـی 9 بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەرچوو لەسەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داتا و زانیارییەکان بدات بە هەردوو دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، هەروەها دوای هاتنی تیمی دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان ئێمە لە 7ــی 10 دەستمان بە پڕۆسەی ووردبینییەکە کرد و لە 17ـی 10 کۆتاییمان پێهێنا، هەموو ئەو داتانەی کە پێویستبوون لەسەر ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە راپۆرتێک پێشکەشی دیوانی چاودێری فیدراڵی کرا.

ناوبراو راشیگەیاند، کە ووردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە مانگانە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی 940 ملیار دینار هەیە بۆ ئەوەیە مووچەی مووچەخۆرانی پێدابەش بکات.

گوتەبێژی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، یاسای بودجەی حکومەتی فیدراڵی رێگرە لە ناردنی پارەی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان، بەهۆی خەرجی راستەقینەوە، ئەم یاسایە بەم شێوەیە دارێژراوە کە پشکی هەرێمی کوردستان 12.67 لە خەرجی راستەقینەدا، خەرجی راستەقینە لەگەڵ گوژمەی بودجە زۆر جیاوازە، ئەو بڕگەیە وایکرد ئەو گوژمەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت زۆر کەمتر ببێتەوە.

دەشڵێت: زۆر گرنگە بڕگەی خەرجی راستەقینە لە بودجە دەربهێندرێت، لە هیچ شوێنێکی دنیا شتێک نییە بە ناوی خەرجی راستەقینە. محەممەد زراری، گوتیشی: لەرووی تەکنیکی و لەرووی رێژەی مووچەخۆران هیچ بیانووێک بۆ دیوانی چاودێری و وەزارەتی دارایی فیدراڵی نەماوەتەوە کە بەهانەمان پێبگرن.