800 دەرچووی کوردی بەشە پزیشکییەکان لە کەرکووک رێگەنادرێت دەستبەکاربن

کەرکووک
کەرکووک

K24 – هەولێر:

بە بڕیاری راکان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک، 800 دەرچووی بەشە پزیشکییەکان کە سەرجەمیان کوردن فەرمانی دەستبەکاربوونیان راگیراوە، لەکاتێکدا وەزارەتی تەندروستی عێراق فەرمانی دامەزراندنی بۆ دەرکردوون، لەبەرامبەردا عەرەبی هاوردە مافی دامەزراندن و گواستنەوەی بەڵگەنامە و پشتگیری نیشتەجێبوونیان پێدراوە و زەویشیان بەسەردا دابەش دەکرێت.

محەممەد بەکر، دەرچووی پەیمانگەی تەکنکیکی کەرکووک بەشی پەرستاری بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەموو بەڵەگەیەکم هەیە کە من خەڵکی کەرکووکم، خوێندنیشم هەر لە کەرکووک تەواوکردووە، چارەنووسی ئێمە تاوەکو 13ـی 12ـی 2023ـیە، لەو کاتەوە پلەی دامەزراندن دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و دامەزراندنی ئێمە رەتدەکرێتەوە، چونکە دەبینە خولی پێشوو و دامەزراندنەکەمان بۆ ناکرێت.

ژمارەی ئەو کەسانەی کە فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرکراوە و کێشە بۆ دەستبەکاربوونیان دروستکراوە 800  کەسن و سەرجەمیان کوردن، بیانووەکەش ئەوەیە ناسنامەکانیان سەر بەشارەکانی هەرێمی کوردستانە، لەکاتێکدا ئەوان خەڵکی کەرکووکن و پێشتر بەزۆرەملێ راگوێزراون و ناسنامەکانیان خراونەتە سەر شارەکانی ھەريمی كوردستان.

لەلای خۆیەوە کاکە رەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی مادەی 140، بە کوردستان24ـی گوت: ئەو 800 کەسەمان بە نموونە هێناوەتەوە کە ئەوەتا راکان جبووری پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی کەرکووک بە بیناووی ئەوەی ئەوانە بەڵگەنامەی سەرژمێری ساڵی 1957ـیان نییە بۆیە دانەمەزرێندرێن لە شارەکە.

تەعریبی دوای شانزدەی ئۆکتۆبەر کە ئیدارەی سەپێنراوی کەرکووک جێبەجێی دەکات شێوازەکانی زۆرن ، هەروەک بەرەنگاربوونەوەی پلانەکانیش رێگە و شێوازی هەیە و بەشێکیان پووچەڵکراونەتەوە.