12 بارمتەی تایلەندی لەلایەن حەماسەوە ئازادکران

K24 – هەولێر:

بە نێوەندگیری میسر، 12 بارمتەی تایلەندی لەلایەن حەماسەوە ئازاد کران، هەروەها پڕۆسەی ئازادکردنی 13 بارمتەی ئیسرائیلی دەستیپێکردووە و بڕیارە لە رێگەی رێکخراوی خاچی سوورەوە رادەستی ئیسرائیل بکرێن.

ئەمڕۆ هەینی (24ـی تشرینی دووەمی 2023) سەرۆکوەزیرانی تایلەند رایگەیاند، 12 هاووڵاتی تایلەند کە لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیرابوون ئازاد کران.

هەروەها دەسەڵاتدارانی میسر رایانگەیاند، بە نێوەندگیری وڵاتەکەیان ئەو 12 بارمتەیە ئازاد کراون و ئەمە بەشێک نییە لە رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل و حەماس.

هەروەها پڕۆسەی ئازادکردنی 13 بارمتەی ئیسرائیلیی دەستیپێکردووە و بڕیارە لە ڕێگەی رێکخراوی خاچی سوورەوە بارمتەکان رادەستی ئیسرائیل بکرێن.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە گەیشتنە رێککەوتنێک و ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیاند، بەو مەرجەی ئیسرائیل 150 ژن و منداڵ لە زیندانەکانی ئازاد بکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 ژن و منداڵی بە بارمتەگیراو لە کەرتی غەززە، هەروەها چوونە ناوەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.

دوێنێ پێنجشەممە (23ـی تشرینی دووەمی 2023) نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە ئاشکراشی كرد، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە، به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل گەیشتە 14 هەزار و 854 کەس، هەروەها لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.

زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فه‌ڵه‌ستینی بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراو و زیاتر له‌ هه‌زار برینداریشی لێ كه‌وته‌وه‌، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە.

هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 07ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.