کەریم شەریف قەرەچەتانی: یارییە ئەلیکترۆنییەکان کاریگەری نەرێنی دەکەنە سەر دەروونی منداڵان

دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی دەروونی
دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی دەروونی

K24 – هەولێر:

مامۆستایەکی زانکۆ رایدەگەیەنێت، کردنەوەی پێشانگای کتێب زۆر گرنگە. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هەموو کۆمەڵگەیەک منداڵەکانیان ئاشنای خوێندنەوە بکەن. گوتیشی: یارییە ئەلیکترۆنییەکان کاریگەری نەرێنی دەکەنە سەر دەروونی منداڵان.

دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی دەروونی، لە دووەمین رۆژی پێشانگای کتێب لە سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، کردنەوەی پێشانگای کتێب گرنگییەکی زۆری هەیە، هەروەها زۆر گرنگە منداڵ هەر لە تەمەنی منداڵییەوە ئاشنا بکرێت بە خوێندنەوەی کتێب.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت: پارساڵ توێژینەوەیەکمان لەسەر قوتابییانی زانکۆ، ئامادەیی و بنەڕەتی کرد، کە تا چەند کتێبی دەرەکی دەخوێننەوە، ئەنجامێکی شۆکهێنەرمان بۆ دەرکەوت کە 95%ـی قوتابی کتێبی دەرەکی ناخوێننەوە، نزیکەی 30 ساڵە مامۆستای زانکۆم لە کتێبخانەی زانکۆشدا ئەوەندەی تێبینم کردبێت ئەوانەی دێن بۆ کتێب وەرگرتن زیاتر ئەوانەن کە راپۆرتیان دەوێ بۆ بابەتی خوێندنەکەیان کە نمرەی لەسەرە، واتا نابینی بچن کتێبێکی فەلسەفی یان کتێبێکی زانستی بخوێننەوە.

دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی، هەروەها راشیگەیاند، کە پێویستە هەموو کۆمەڵگەیەك منداڵەکانیان ئاشنای خوێندنەوە بکەنکەریم شەریف قەرەچەتانی، "راشیگەیاند، بەداخەوە لە کوردستان منداڵ هەر لە تەمەنی منداڵییەوە راناهێندرێن لەسەر خوێندنەوەی کتێب، زۆرینەی منداڵانیش دەڵێن: "ئێمە کتێبخانەمان لە ماڵەوە نییە و دایك و باوکمان کتێب ناخوێننەوە". بە دڵنیاییەوە منداڵ لاسایی دایک و باوکی دەکاتەوە ئەگەر ئەوان کتێب نەخوێننەوە و منداڵەکانیان رانەهێنن لەسەر خوێننەوە، منداڵ لەخۆیەوە خولیای کتێب خوێندنەوەی لەلا دروست نابێت.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ، ئاماژەی بەوەدا، لەو پێشانگەیەی کتێب دایکان و باوکان ئەگەر منداڵەکانیشیان لەگەڵ خۆشیان نەهێنن، زۆر گرنگە لەگەڵ خۆیان گۆڤارێکی منداڵان کە لەگەڵ تەمەنی منداڵەکانیان بگونجێت بۆیان بکڕن و بیبەنە ماڵەوە، توێژینەوەکان دەڵێن: "زۆر گرنگە لە یەک ساڵییەوە منداڵ ئاشنای خوێندن و خوێنەوە بکرێت". کتێب خوێندنەوە مێشکی منداڵ بەهێز دەکات و رایدەهێنێت بۆ ئەوەی پرسیار بکات و هەوڵی فێربوونی زیاتر بدات.

دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی گوتی: زۆر گرنگە فێستیڤاڵی کتێب خوێندنەوەش ئەنجامبدرێت و، یانیش پیشبڕکێی کتێب خوێندنەوە لەنێوان قوتابخانەکان ئەنجامبدرێت.

گوتیشی: تاوەکو ئێستا خوێندنەوەی ئەلیکترۆنی نەیتوانییەوە شوێنی خوێندنەوەی کتێب بگرێتەوە، کتێب خوێندنەوە زۆر گرنگە بەهۆی ئەوەی هەموو بوارەکانی ژیان لەناو کتێبدا هەیە.

لەبارەی دانانی بەرنامەی رۆژانە بۆ ژیانی منداڵان، ئەو مامۆستایەی زانکۆ پەیامێک ئاراستەی دایکان و باوکان دەکات و دەڵێت: دەبێت دایکان و باوکان هۆشیار بن و خشتەیەک بۆ منداڵەکانیان دابنێن و 24 کاتژمێری رۆژانەیان بۆ دابەش بکەن بەسەر سێ دانە هەشت کاتژمێری، 8 کاتژمێر بۆ خەویان دابنێن، 8 کاتژمێریش بۆ داهاتووی بۆ خوێندنەکەی لە قوتابخانە و لە ماڵەوەش کە دێتەوە بۆ ئەوەی بخوێنێت، 8 کاتژمێریش تەرخانبکرێت بۆ حەز و ئارەزووەکانی منداڵان.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، لە وڵاتی ئێمە بەرنامەی ژیانی منداڵان بە گوێرەی خشتە رێکنەخراوە و دایک و باوک دێن و دەڵێن، منداڵەکانمان تا کاتژمێر 3ـی بەرەبەیان دادەنیشێت بە دیار مۆبایل و یارییە ئەلیترۆنییەکان، کێشەکەش ئەوەیە ئەوان منداڵەکانیان لە منداڵییەوە رانەهێناوە بۆ ئەوەی بەرنامەیەک بۆ ژیانیان دابنێن و کاتەکانیان دابەش بکەن، یارییە ئەلیکترۆنییەکان کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر دەروونی منداڵان.

دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی گوتیشی: رێکخراوی تەندروستی جیهان لە نوێترین توێژینەوەی خۆیدا ئاماژەی بەوەکردووە، هەرکەسێک لە شەو و رۆژێکدا لە 24 کاتژمێردا تەنیا چوار کاتژمێر خەریکی مۆبایل و یارییە ئەلیکترۆنییەکان بێت ئەوا پێوەی ئاڵوودە بووە.

رۆژی پێنجشەممە 23/11/2023، پێنجەمین پێشەنگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب، بە بەشداری زیاتر لە 200 ناوەندی چاپ و بڵاوکراوەی ناوخۆیی و بیانی ده‌ستیپێكرد.

پێشانگاکە ماوەی 10 رۆژ لە کاتژمێر 10ی بەیانی تا 6ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت، جگە لە ناوەندی چاپ و بڵاوکراوەی ناوخۆ، ژمارەیەکی بەرچاو لە 20 وڵاتی دیکە بەشداریان کردووە. ئەو کتێبانە لە پێشانگاکەدا هەن بە گشتی هەموو بوارەکان لەخۆ دەگرێت، رۆشنبیری، ئایینی، فەلسەفە، کۆمەڵایەتی، هونەری، زانستی، شیعر، سیاسی، ئەدەب، چیرۆک و رۆمان، مێژوو.