14 ملیار دینار لە بودجەى فریاکەوتنى عێراق بۆ پارێزگای هەولێر تەرخاندەکرێت

چەند پرۆژەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا لە هەولێر جێبەجێدەکرێن
پارێزگای هەولێر
پارێزگای هەولێر

K24 – هەولێر:

پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیداوە لەسەر تەرخانکردنی 14 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک لە چوارچێوەی پلانەکانى رووبەڕووبوونەوەى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا لە پارێزگاى هەولێر لەسەر بودجەى فریاکەوتنى عێراق.

رۆژی هەینی (24ـی تشرینی دووەمی 2023) پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە نووسراوى ژمارە (56997) لە 21ـی ئەم مانگە، ئاڕاستەى وەزارەتى دارایی فیدراڵی کردووە، رەزامەندیداوە لەسەر خەرجکردنى 14 ملیار دینار لەسەر بودجەى فریاکەوتنى عێراق بۆ پارێزگای هەولێر بۆ دەستکردن و جێبەجێکردنى پڕۆژەکانی تایبەت بە لێدانی ژمارەیەک بیری ئاو، دروستکردنى ژمارەیەک پۆند و چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەى پرۆژەکانی ئاو".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دواى ئەوەى لە مانگى ئادارى ئەمساڵ لە کاتى سەردانى سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەولێرى پایتەخت، پارێزگارى هەولێر، پرۆژە پلانێکى بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و بابەتی لافاو و دابینكردنی ئاو، بە گوژمەی 14 ملیار دینار، ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، کە چەندین پرۆژەى تایبەت بە چارەسەرکردنى گرفتی کەمئاوی و مەترسییەکانی لافا و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەخۆگرتبوو.

هەروەها پارێزگای هەولێر روونیکردووەتەوە، سەبارەت بە هەمان پرس رۆژى 13ـی ئەم مانگە لە بەغدا بە سەرۆکایەتى سەرۆکوەزیرانی عێراق چوارەمین کۆبوونەوەى لیژنەی باڵای نیشتمانی ئاو بە بەشدارى شاندى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، کە تەوەرێکى کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووى پرۆژەکانى هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى هەولێر پوختەیەکى لەو پرۆژانە و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ئەو پلان و رێگەچارەسەریانەى هەن لە چوارچێوەى ئەم پرۆژانەى ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرابوو خستەڕوو، جەختى لەسەر هەموو ئەو بابەتانەش کردەوە کە لەسەر دۆخی هەولێر و کاریگەرییەکانی کەشوهەوا و لێکەوتە و مەترسیەکانی کەمى ئاو ڕووبەڕووى هەولێر بووەتەوە، بەخۆشحاڵیەوە لیژنەى ناوبراو بەکۆى دەنگ پەسندی کرد و ئاراستەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقیان کرد بۆ دەستکردن بە رێکارى دیکە.

هەروەها لە (13ـی تشرینی دووەمی 2023) ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، لە دیدارێکدا لەگەڵ مەحەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ، وێڕاى جەختکردنەوە لەسەر ئەوپرۆژانە، پشتگیری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانى، بۆ پێویستی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە بە سوودانی راگەیاند.