پەیامنێری کوردستان24: بناری قەندیل بۆردومان کرا

بناری قەندیل - وێنە: ئەرشیف
بناری قەندیل - وێنە: ئەرشیف

K24 – رانییە:

لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، بۆ جاری شەشەم فڕۆکەکانی تورکیا سنووری گوندەکانی بناری قەندیل بۆردومان دەکەن.

رۆژی هەینی (24ـی تشرینی دووەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە فڕۆکە لە ئاسمانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین دەسوڕێتەوە و دەنگیان دەبیسترێت.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کە لە گوندنشیانی سنوورەکەی گواستووەتەوە، دوای کاتژمێر 8:00ـی ئەمشەو بۆردومانی گوندەکانی بناری قەندیل دەستی پێکردووە، بەتایبەتی لە سنووری شەش گوندی ناحیەکانی ژاراوە و سەنگەسەر، بۆردومان ھەبووە بەڵام زیانەکان نەزاندراون.

بەگوێرەی دانیشتووانی ناوچەکە، دەنگی بۆردومانەکان لە نزیک گوندەکانی بۆکریسکان، زێڕنەکێو و بۆڵێ بیستراون، بەشێوەیەک دەنگی بۆردومانەکان بەجۆرێک بەھێز بووە، دانیشتووانی شارەدێکانی سەنگەسەر و ژاراوە لە دووری چەندان کیلۆمەتر بیستوویانە.

رۆژی دووشەممە (13ـی تشرینی دووەمی 2023) دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، شەوی پێشتر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی یەبەشەی لە ناحیەی سنونێی سەر بە قەزای شنگال کردە ئامانج و بەهۆیەوە، بەرپرسێکی ئەمنیی و چەکدارێکی یەبەشە کوژران.

لە هەفتەی یەکەمی ئەم مانگەش، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەنداروێکدا ئاشکرایکرد، "رۆژی دووشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2023) کاتژمێر 11:15ـی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا گرووپێکی چەکدارانی پەکەکەی لە گوندی بۆسکێنی سەر بە قەزای رانیەی ئیدارەی ڕاپەڕین کردە ئامانج".

هاوکات لە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان بە وەکالەت بە کوردستان24ـی رایگەیاند، "شەوی رابردوو سوپای تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو ئۆتۆمبێلی لە گوندەکانی بێجوانان و داسنی لە سنووری قەزای سیدەکان کردووەتە ئامانج، بەپێی زانیارییەکان هەردووکیان ئۆتۆمبێلی چەکدارانی پەکەکە بوونە".

چەندین ساڵە سوپای تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی پەکەکە و رێکخراوە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە، ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، لەناو خاکی عێراق و سووریا ئەنجامدەدات و بانگەشەی ئەوەش دەکات، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەی و سنوورەکانی بەردەوام دەبێت لە بەگژداچوونەوەی ئەو گرووپانە.

ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا بەردەوامە کە ئەو رێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستانیش تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.