105 هاووڵاتیی رووسی لە غەززەوە گەڕانەوە مۆسکۆ

K24 – هەولێر

وەزارەتی فریاکەوتنی رووسیا رایگەیاند، 105 هاووڵاتیی رووسی لە غەززەوە بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەڕایەوە مۆسکۆ.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 25/11/2023، وەزارەتی فریاکەوتنی رووسیا رایگەیاند: 105 هاووڵاتیی رووسی لە غەززەوە بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەڕایەوە مۆسکۆ، ئەمەش دووەم کاروانی لەو جۆرەیە لە ماوەی دوو رۆژدا، دوای ئەوەی ئاگربەستی شەڕی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس چووە بواری جێبەجێکردن.

راشیگەیاند، ئەو کاروانەی هاووڵاتییانی رووسی، کە لە غەززەوە گەڕانەوە 55 منداڵی لەخۆگرتووە.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی فریاکەوتنی رووسیا، لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی غەززەوە تائێستا زیاتر لە 760 هاووڵاتی رووس لە غەززەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان، کە زیاتر لە 360یان منداڵن.

لای خۆیەوە کریملین رێککەوتنی بۆ ئاگربەستی شەڕی غەززەی بەرز نرخاند، کە رۆژی هەینی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگربەستی مرۆیی تاکە رێگایە بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکان لەپێناو چارەسەر.

رۆژی هەینی (24ـی تشرینی دووەمی 2023) رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، 13  بارمتەی ئیسرائیلی و 39 زیندانیکراوی فەڵەستینی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە زیندانی کرابوون ئازادکران، هەروەها 10 بارمتەی تایلەندی و بارمتەیەکی فلیپینی لەلایەن حەماسەوە ئازادکران.

لەلای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئازادکردنی 39 منداڵ و ئافرەتی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل پشتڕاست دەکاتەوە و ئاشکراشی کرد، بارمتە ئیسرائیلییەکان لە دەروازەی رەفەحەوە نێردراونەتە میسر و لەوێ رادەستی دەسەڵاتدرانی ئیسرائیل کراون، دواتر لە رێگەی دەروازەی کەرەم ئەبو سالم، دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

رۆژی چوارشەممە 22/11/2023، بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری قەتەر و میسر و ئەمەریکا بۆ ئاگربەستی شەڕی غەززە گەیشتنە رێککەوتن. بەو مەرجەی ئیسرائیل 150 ژن و منداڵ لە زیندانەکانی ئازاد بکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 ژن و منداڵی بە بارمتەگیراو لە کەرتی غەززە، هەروەها چوونە ناوەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.

بەگوێرەی دوایین ئاماری نووسینگەی راگەیاندنی حکومەت لە غەززە، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە، به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل گەیشتە 14 هەزار و 854 کەس، هەروەها لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.

زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فه‌ڵه‌ستینی بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراو و زیاتر له‌ هه‌زار برینداریشی لێ كه‌وته‌وه‌، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەمینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە.

هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.