حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری میدیایی رێکدەخاتەوە

زیاتر لە 8 هەزار ڕۆژنامەنووسی کارا لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تۆمار کراون
زیاتر لە 8 هەزار ڕۆژنامەنووسی کارا لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تۆمار کراون

K24 - هەولێر

ئازادیی ڕۆژنامەگەری و میدیا، وەكو یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی حكومڕانیی باش و پاراستنی ماف و ئازادیی و بەرژەوەندییە گشتییەكان لە هەرێمی كوردستاندا مامەڵەی لەگەڵ كراوە و كابینەی نۆیەمی حكومەتیش جەختی لە رێکخستنەوە، بەهێزكردن و فراوانكردنی كردووەتەوە.

لە هەرێمی کوردستان، 127 کەناڵی ناوخۆیی، 30 کەناڵی ئاسمانی، 176 رادیۆ، 121 ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی و 988 ڕۆژنامە و گۆڤار مۆڵەتیان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وەرگرتووە و لە ماوەی ڕابردووشدا ئەم بوارە گەشەی بەردەوام و خێرای بە خۆیەوە بینیوە.

شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، لەبارەی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لە هەرێمی كوردستان، یاسای ژمارە (35)ـی كاری ڕۆژنامەگەری وەكو یاسایەكی بێ وێنە لە پێدانی ئازادیی ڕۆژنامەوانی هەیە و كاری پێ دەكرێت. ڕێنماییەكیش بۆ میدیای بینراو و بیستراو هەیە، كە ڕێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی 2023ـیە و لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە دەرچووە. لەگەڵ هاتنەكایەی میدیای ئەلیكترۆنی، ئەو بوارەش لەو یاسا و ڕێنماییانەدا ڕێك خراوەتەوە. تا هەم ئازادیی پارێزراو بێت و هەم مافی میدیایی پارێزراو بێت. ئەوەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی. پاش دەركردنی چەند بڕیارێكی حكومەت ئەم ڕێنماییە جێبەجێ دەكرێت. حكومەت تەنیا لە ڕێگەی یاساوە مامەڵە لەگەڵ ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەكات و داوای پابەندبوون دەكات، نەك پێشێلكردنی مافی ئازادیی ڕۆژنامەگەری."

لەبارەی گرنگیی تۆماركردنی هەموو میدیا جۆراوجۆرەكان ناوبراو گوتی: "میدیای ئەلیكترۆنی پێویستە خۆیان تۆمار بكەن، چونكە لەگەڵ میدیا تێكەڵ بووە. زۆر جار لە كێشەی یاساییدا پێویستە ئەو لایەنە ناسراو بێت و زانیاری لەسەری هەبێت، تاوەكو بۆ دادگاكان ئەو زانیارییانە دابین بكرێت، بەڵام گەر تۆمار نەكرابن، دادگا وەكو دەزگای نایاسایی سەیریان دەكات؛ بۆیە ئەو میدیایانە ئەگەر خۆیان تۆمار بكەن، دەتوانن كاری ڕۆژنامەوانیی خۆیان بكەن و ئازادانەتریش كار بكەن. ڕێنماییەكانمان بۆ ڕێكخستنەوەی كاری میدیایین نەك سانسۆركردنیان؛ بەڵام دەبێت هەموو میدیایەك ناسراو بێت و تۆمارکراو بێت."

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێکخستنەوەی کاری میدیایی بەردەوامە؛ ئەمەش بۆ فراونترکردنی کاری ڕاگەیاندن و پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسان. تاکوو ئێستا زیاتر لە 8 هەزار ڕۆژنامەنووسی کارا لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تۆمار کراون.

ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لەبارەی پرسی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە گوتی: "ئازادیی ڕۆژنامەوانی چەند ڕەهەندێكی هەیە؛ ئەو بونیاتە یاساییەی لە كوردستان هەیە بۆ كاری ڕۆژنامەوانی توانیویەتی ئەو بوارە ڕێك بخات و پرەنسیپە گشتییەكانی دیاری بكات. یاسای سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان تا ڕاددەیەكی باش ئازادیی ڕۆژنامەوانیی پیشەیی دابین كردووە. لێرەدا مەبەستمان ڕۆژنامەنووسێكی پیشەییە نەك بۆ ئەوانەی پیشەیی نین و دەیانەوێت لە یاساكان سوودمەند بن، بوونی ئەو هەموو سەكۆ و ئامرازە میدیاییە لە كوردستان بەڵگەی باشی ئازادیی ڕۆژنامەوانییە، بەڵام هێشتا پێویستیی بە ڕێكخستن و ڕیفۆرم هەیە."

لەبارەی ژمارەی ئەندامانی سەندیكاوە گوتیشی: "لە هەرێمی كوردستان ئەندامی كارا و بەشدار و مەشقكاری سەندیكا هەن، ژمارەی ئەندامانی كارا زیاترە لە 8 هەزار ئەندام، ئەمەش ژمارەیەكی زۆرە و بەهۆی زۆریی ڕێژەی میدیاكانەوەیە."

لەبارەی هەڵسەنگاندنی ئازادیی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان، حەمەئەمین گوتی: "هەڵسەنگاندنی ئازادیی ڕۆژنامەوانی لەسەر بنەمای دەزگا بێلایەنەكان دەكرێت نەك لەسەر بنەمای بۆچوونی حزبی و موزایەدەی سیاسی و مەبەستی تایبەت. ڕێكخراوە پسپۆڕەكان و ناوەندە ئەكادیمییەكان دەتوانن ئەو هەڵسەنگاندنە بە پێی داتا و پسپۆڕیی خۆیان بكەن. بەڵام زۆرجار میدیا كراوەتە كەرەستەی موزایەدەی سیاسی و یەكلاكردنەوەی كێشەی سیاسی، ئەوەش بۆ دڵسۆزی بۆ میدیا نییە، بەڵكوو پرۆژەی سیاسین."

هەرێمی کوردستان، خاوەنی یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007ی تایبەت بە رۆژنامەگەرییە و کاریشی بۆ هەموارکردنەوەی یاسا و ڕێنماییەکان کردووە لەپێناو ئاسانکاری بۆ کاری میدیایی.

لە ماوەیەکی نزیکدا، ڕێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2023 تایبەت بە ڕێکخستنی فریکوێنسیی سپەیس لە هەرێمی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئەمەش بۆ ڕێکخستنەوەی کاری میدیاییە تاوەکو لەگەڵ پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا و میدیای نوێ بگونجێت.