کەنەدا بڕیاریدا زیاتر لە 11 هەزار تفەنگ و نۆ ملیۆن فیشەک بۆ ئۆکرانیا بنێرێت

K24 - هەولێر

یەکێتی ئەوروپا و کەنەدا پاڵپشتی بەردەوامی خۆیان بۆ ئۆکرانیا دووپاتکردەوە و هەردوولا بەڵێنیان دا کە کاربکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازی و بەرگرییەکان بۆ ئەو وڵاتە. ئۆکرانیا ترسی هەیە هاوکارییەکانی رۆژئاوا کەمببێتەوە، بەهۆی ئەو شەڕەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل سەری هەڵداوە.

سەرکردەکانی کەنەدا و یەکێتیی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند: ئێمە لە تەنیشت ئۆکرانیا دەمێنینەوە، گرنگ نییە چەند کات بخایەنێت، ئاماژەیان بەوەشکرد، ئێمە کاردەکەین بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازی و بەرگرییەکان بۆ ئۆکرانی.

جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری سانت جان لە کەنارەکانی ئەتڵەسی رایگەیاند، "کەنەدا زیاتر لە 11 هەزار تفەنگ و زیاتر لە نۆ ملیۆن فیشەک بە ئۆکرانیا دەبەخشێت".

چارڵز میشێل سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا ئامادەیی یەکێتی ئەوروپای دەربڕی بۆ ئەوەی "لە هەفتەکانی داهاتوودا هاوکارییەکانی بۆ کیێڤ زیاتر بکات.

لای خۆیەوە ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، پێشوازی لە پابەندبوونی ئۆتاوا کرد سەبارەت بە هاوکارییکردنی ئۆکرانیا، ئاماژەی بەوەشکرد، "کەنەدا پێش هێرشەکانی رووسیا لە پاڵ ئۆکرانیا وەستابوو"، هەروەها مەشق و راهێنانەکانی کەنەدا بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا زۆر گرنگە. بۆ ئەوەی کئێڤ بەرەنگاری رووسیا ببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێتی ئەوروپا تا ئێستا لە کۆی 40 هەزار سەرباز 30 هەزار کەسی راهێناوە بۆ پشتگیریکردن لە هەوڵەکانی ئۆکرانیا، روونیشیکردەوە کە کۆمیسیۆنی ئەوروپا بەم زووانە رایدەگەیەنێت کە چۆن ئەو داهاتانەی رووسیا بەکاردەهێنێت کە بلۆککراون.

رۆژی هەینی 24/11/2023، 21 مانگ بەسەر شەڕی نێوان روووسیا و ئۆکرانیادا تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستاش شەڕەکە بەردەوامە و رانەگیراوە، هەروەها بە دەیان هەزار کەس لە هەردوو لا کوژراون.