واشنتن پۆست: ترامپ بۆ ئەوەی سەربکەوێت دەبێت رەشپێستەکان دەنگ نەدەن

K24 - هەولێر

رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ـی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، هەموو ئەوشتانەی دۆناڵد ترامپ پێویستی پێیەتی بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکای 2024، ئەوەیە دەنگدەرانی رەشپێست لەماڵەوە بمێننەوە و دەنگ بەکەس نەدەن، وەکو ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 روویدا.

رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی کردووە، دوای 20 ساڵ رێژەی دەنگدەرانی رەشپێستەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکای ساڵی 2016 زۆر دابەزی، کە رێژەیان لە 59.6% بوو، کە کەمترین رێژەی بەشداری کردنی رەشپێستەکان بووە.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم دابەزینە سوودێکی زیاتری بە ترەمپ بەخشی لەو سەردەمەدا، لە زۆرێک لە ویلایەتە کاریگەرەکانی ئەمەریکا وەک میشیگان، ویسکۆنسێن و جۆرجیا، چونکە ئەوانەی لەو ویلایەتانەدا دەنگیان داوە، بە رێژەی 277 هەزار و 93 هەزار و 530 هەزار دەنگدەر بووە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا زۆرێک لە ئەمەریکاییەکان هەست بە دڵخۆشی و رازیبوون دەکەن کە ترامپ لە ساڵی 2020دا سەرکەوتوو نەبووە لە گەیشتن بە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری ئەمەریکا، ئەمەش بەهۆی کردەوەکانی و هەوڵەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 کە مەترسی لەسەر دیموکراسی دروستکردبوو، رۆژنامەکە باس لەوەش دەکات کە ئەمەریکییەکان ترسیان هەیە جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، چونکە بە ئاشکرا رایگەیاندووە، کە ئەگەر هەڵبژێردرێت، بیر لەوە دەکاتەوە حکومەتی فیدراڵی وەک چەکێک لە دژی ئەو کەسانە بەکاربهێنێت کە دژایەتی دەسەڵاتەکەی دەکەن. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دەیەوێت پارێزگارییەکانی خزمەتگوزاری شارستانی لە کارمەندە چالاکەکانی فیدراڵی بسەنێتەوە، وەزارەتی پەروەردە هەڵبوەشێنێتەوە، هەروەها مامۆستای زیاتر ببینێت کە راهێنراون بۆ هەڵگرتنی چەکی سوک.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، گرنگی بەشداریکردنی دەنگدەرانی رەشپێست لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتیدا دەزانین، هەروەها رادەی کاریگەرییان لەسەر دەرئەنجام و وەرچەرخانی هاوسەنگی لە بەرژەوەندی ئەوەی کێ سەردەکەوێت هەیە.

رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتە روو، بایدن و دیموکراتەکان نابێت هەڵەکانی هیلاری کلینتۆن پێش ساڵی 2016 دووبارە بکەنەوە بە پشتگوێخستنی پێداویستی و داخوازییەکانی رەشپێستەکانی ئەمەریکی و هەندێکجاریش بە تایبەتی بە ئامانجکردنیان، بەتایبەت ئەگەر بیانەوێت هەوڵەکانی کۆمارییەکان و ترەمپ پووچەڵ بکەنەوە.

بڕیارە ساڵی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، کە رکابەری سەخت لە نێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترامپە.