شاندێكی یه‌كێتی سه‌ردانی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ ده‌كات

كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و یه‌كگرتوو
كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و یه‌كگرتوو

K24 - هەولێر:

شاندێكی یه‌كێتی سه‌ردانی یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری ده‌كات و چه‌ند پرسێكی دووقۆڵی و گشتی تاوتوێ ده‌كه‌ن، هاوكات بڕیار وایه‌ كاتژمێر 8ـی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ گوته‌بێژی یه‌كێتی له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆك و ئامانجه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كانیان كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ئه‌نجام بدات.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 25ـی تشرینی دووه‌می 2023) شاندێكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی كرد  و له‌لایه‌ن سەڵاحەددین محەممەد بەهائەددین، ئەمینداری گشتی یه‌كگرتووه‌وه‌ پێشوازیان لێ كرا و دواتر به‌یه‌كه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌.

لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی دوا گۆڕانكارییە سیاسییەكان، یەكخستنەوەی نێوماڵی كور ، خۆ ئامادەكردن بۆ ئەگەر و پێشهاتەكان كرا و جەخت لە بەردەوامی دیالۆگی نیشتمانیی و بەرپرسیارانە كرایەوە بەبەشداری  سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان  لەناوخۆی هەرێم عیراق بەشێوەیەك ژیان و گوزەرانی خەڵك پارێزراوبێت و هەوڵەكانیش بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشە داراییەكان بەتایبەت دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بخرێنەگەڕ .

لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕابوون كە دۆخی هەستیاری ناوچەكە وادەخوازێت نێوماڵی كورد یەكبخرێتەوە و  یەكڕیزی بپارێزرێت و ستراتیژی سیاسی حزبەكانیش بخرێتە خزمەت گشتی.

به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو حزبه‌كه‌ و فراوانكردنی هاریكارییەكان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییه‌كان.

هه‌ر ئه‌مڕۆ شانده‌كه‌ی یه‌كێتی سه‌ردانی کۆمەڵی دادگەری کوردستانی كرد و لەلایەن عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و وەفدێکی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌وه‌  پێشوازیان لێکرا.

دواتر هه‌ردوو حزب له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا رایانگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كراو جەختیش كرایەوە لە پێویستی  پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی خاك و خەڵكی كوردستان، هەموو لایەنەکانیش پێکەوە هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی بژێوی هاووڵاتیان بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی .

هه‌روه‌ها به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ هاوبه‌شه‌، هه‌ردوولا جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه‌ لەسه‌ر درێژەدان بە گفتوگۆ و دیالۆگی نیشتمانیی لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەک لە بەرامبەر پرسە چارەنووسسازەکان کۆدەنگی نیشتمانیی دروست بکرێت و یەکگوتاری نیشتمانیی ئاراستەی بەغدا بکرێت.

به‌گوێره‌ی راگه‌یاندراوه‌كه،‌ هه‌ردوولا پرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان و بارودۆخی ناوچه‌كه‌یان تاوتوێ كردووه‌.

بەیانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانی لە شاری سلێمانی کرد.

دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی یەکێتی؛ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسە سیاسی، ئەمنی و کارگێڕییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.

گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش دا، "بابەتی بودجە و کێشە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە بوو".

هەر سەبارەت بە ناوەڕۆکی گفتوگۆکان، دلێر عەبدولخالق دەڵێت، لەگەڵ یەکێتی باسیان لەوە کردووە "چۆن بتوانین هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی لەو ئالنگاریی و تەحەدییانەی بەشێوەیەکی گشتی رووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە بپارێزین و، کورد نەبێت بەشێک لە بەشبەندی و پارێزبەندی لەنێوان ئەو ململانێییانەی کە هەیە".

بە گوتەی دلێر عەبدولخالق، "ئێستا دۆخی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکە لە بەردەم مەترسیدایە؛ حیکمەت ئەوەیە هەموو لایەنە سیاسییەکان؛ ئەوانەی لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستاندان و ئەوانەش کە ئۆپۆزیسیونن؛ بەیەکەوە لەسەر ستراتیژیەتییەکی نیشتمانی رێکبکەوین".

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئارام به‌ختیار، په‌یامنێری كوردستان24 له‌ سلێمانی، بڕیار وایه‌ كاتژمێر 8ـی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سه‌عدی پیره‌، گوته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كۆی گشتی ئه‌نجامه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بخاته‌ڕوو.