43 ساڵە پەنابەرن و حکومەتی عێراق تا ئێستا رەگەزنامەی نەداوەتە سەدان هاووڵاتی رۆژهەڵاتی کوردستان

ژنێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دانیشتووی کەمپی کاوە - وێنە: K24
ژنێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دانیشتووی کەمپی کاوە - وێنە: K24

K24 - هەولێر:

بە گوێره‌ی بەدواداچوونیکی کوردستان24، نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاتی نوێکردنەوەی ناسنامەی ئەو هاووڵاتییانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەژین، مافی پەنابەرێتی لێ وەرگرتوونەتەوە.

پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، 43 ساڵە لە هەرێمی کوردستان و هەندێک ناوچەی دیکە دەژین و تا ئێستا حکومەتی عێراق ئامادە نییە رەگەزنامەی عێراقییان پێ بدات و لە ساڵی 2014ـوە بێبەشیکردوون لە پسوولەی خۆراک.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی کەمپی کاوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، شاندێکی حکومەتی عێراق سەردانیکردوون و بەڵێنی گەڕانەوەی پسوولەی خۆراک پێداون بەڵام سەبارەت بە پێدانی رەگەزنامە، شاندەکە ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، هەرچەندە ئەو ناسنامەی نشینگەیەی حکومەتی عێراق بۆی دروستکردوون لە ساڵی 2022ـوە بەسەرچووە.

پەیامنێری کوردستان24 باس لە چیرۆکی یەکێک لەو پەنابەرانە دەکات بەناوی حەیات عەبدولرەحمان، کە 43 ساڵە بێ ناسنامەیە و ناوەکەی تەنیا لەسەر زاری هاوسەر و منداڵ و خزمەکانی هەیە، تا ئێستا حەیات هیچ ناسنامەیەکی فەرمی نییە خۆی پێ بناسێنێت و دۆخی ژیانی زۆر خراپە، لە تەمەنی 10 ساڵییەوە لە کەمپ دەژی و لەگەڵ خێزانەکەی لە کەمپ دەست لەناو دەست شەڕی مانەوەی خۆیان دەکەن.

کوردستان24 چووەتە کەمپی کاوە لە قوشتەپە کە یەکێکە لە پەناگەکانی پەنابەرانی کوردانی رۆژهەڵات کە لە ساڵی 1980ـوە پەنابەرن و ژمارەیان زیاتر لە 300 خێزان دەبێت و کۆی گشتی دانیشتووانی کەمپی کاوەش دەگاتە نزیکەی هەزار و 500 پەنابەر.

گەورەترین کێشەی دانیشتووانی کەمپی کاوە، نەبوونی رەگەزنامه‌یە و حکومەتی عێراق ئامادە نییە رەگەزنامەی عێراقییان پێبدات، کە ئەم کێشەیە بۆ منداڵانی کەمپەکەش وایکردووە کە داهاتوویەکی نادیاریان هەبێت و نەتوانن لە زانکۆ درێژە بە خوێندن بدەن و ببنە خاوەن بڕوانامە.