13 بارمتەی ئیسرائیلی و 39 هاووڵاتی دیکەی فەڵەستینی ئازاد کران

فۆتۆ: AFP
فۆتۆ: AFP

K24 - هەولێر

لە چوارچێوەی ئاگربەستی مرۆیی، بزووتنەوەی حەماس 13 بارمتە و ئیسرائیلیش 39 هاووڵاتی فەڵەستینی ئازاد کرد.

دەسەڵاتدارانی میسر بڵاویانکردەوە. لە دووەم کاروانی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لەنێوان حەماس و ئیسرائیل، درەنگانێکی شەوی رابردوو بزووتنەوەی حەماس 13 بارمتەی دیکەی ئیسرائیلی ئازاد کردووە کە لە 7ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە لە دەوروبەری غەززە دەستبەسەری کردبوون.

لە بەرامبەردا سوپای ئسرائیل 39 ژن و منداڵی فەڵەستینی لە زیندان ئازادکردووە و گەڕاونەتەوە لای کەسوکاریان.

هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاڵوگۆڕی کاروانی دووەمی بارمتەکانی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، حەماس 13 ئیسرائیلی ئازادکردووە، کە لەنێویاندا هەشت منداڵ و پێنج ژن هەن.

هەروەها حەماس لە دەرەوەی رێککەوتنی ئاگربەست چوار تایلەندی دیکەی ئازادکردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە 24/11/2023، ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل چووە بواری جێبەجێکردنەوە،و 26 بارمتەی ئیسرائیلی و 78 هاووڵاتی فەڵەستینی ئازاد کراون.

لە 22/11/2023، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ میسر و ئەمەریکا سەرکەوتوو بوون لە رێککەوتن بۆ ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە، دوای 48 کاتژمێر بە ئاڵۆگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان و هاووڵاتییانی فەڵەستینی ئاگربەستەکە بە کردەیی چووە بوار جێبەجێکردنەوە.