هاووڵاتییەکی مەهاباد 60 ساڵە ئاواز و گۆرانی کوردی تۆمار دەکات
K24 - هەولێر
لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاووڵاتییەک 60 ساڵە سەرقاڵی تۆمارکردنی ئاواز و گۆرانیی هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانە.
لەنێو بازاڕی مەهاباد تۆمارگەیەکی کاسێت هەیە کە تەمەنی لە زۆربەی خەڵکی ئەم شارە زیاترە و ناوبانگیشی گەیشتووەتە زۆر شاری دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
قادر رەسووڵی، خاوەنی تۆمارگەکەیە و نزیک 60 ساڵە سەرقاڵی ئەم پیشەیە. لەم ماوەیەدا زیاتر لە دوو هەزار کاسێتی لە گۆرانییەکانی هونەرمەندانی میللیی ناوچەی موکریان و باشووری کوردستانی تۆمارکردووە و هەزاران گۆرانیی فۆلکلۆری لە فەوتان، لەبیرچوونەوە و لەناوچوون رزگار کردووە.
قادر رەسووڵی ئێستاش کە سەردەمی دیجیتاڵ و ئامێرە نوێیەکانە، وازی لە کاسێت و ئامێرە کۆنەکانی تۆماری دەنگ نەهێناوە. خۆی دەڵێت، هەندێک لە کاسێتەکانی تەمەنیان زیاتر لە نیو سەدەیە، بەڵام حەزی ئەو بۆ پیشەکەی وایکردووە، هەر لەسەر ڕێچکەی رابردوو بڕوات و روو لە ئامێرە دیجیتاڵییەکان نەکات.
ئەو، جیا لەوەی نزیکەی دوو هەزار کاسێتی بە ئامێرەکانی خۆی تۆمارکردوون، ئەرشیڤێکی ناوازەشی لە بەرهەمی هونەرمەندانی کورد هەیە کە لە شوێنەکانی دیکە تۆمارکراون و ئەو کۆپییەکەی دەست کەوتووە.
دووکانە بچووکەکەی تۆمارگای "مەهاباد" لە شاری مهاباد، گەنجینەیەکی بە نرخ و ناوازە لە گۆرانی و ئاوازی ڕەسەن و فۆلکلۆری کوردی بە دەنگی دەیان هونەرمەندی کوردە کە ئێستاش خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن.