رۆژنامەیەک: شیعەکان دەستیان بەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدا گرتووە

K24- هەولێر

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری سەرچاوەیەک بڵاویکردەوە، سوننەکان سەرکەوتوو نەبوون، لە دیاریکردنی کاندیدێک بۆ جێگرەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی پێشووی عێراق، ئەمەش وایکردووە شیعەکان دەست بەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدا بگرن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2023، سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاند: "هێزە سوننەکان سەرکەوتوو نەبوون و نەیان توانیووە کاندیدێک بۆ جێگرەوەی محەممەد حەلبووسی دیاری بکەن، کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دوورخرایەوە، کە یەکێکە لە پۆستە سیادییەکانی عێراق و پشکی سوننەیە، بەڵام لەلایەن کوتلەی شیعەکان، دەستی بەسەردا گیراوە".

هەرچەندە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی هاوپەیمانی تەقەدوم،و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە لەلایەن سوننەکان راسپێردرا بوون کە کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشتان بکەن، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکان نەیانتوانیوە کەسێک دیاری بکەن.

سەرچاوەکەی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، ئاماژەی بەوەشداوە: "شیعەکان لە گۆڕەپانی سوننەکاندا یاری دەکەن و چاوەروانی رۆڵی ئێرانن، بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە بەرژەوەندی لایەنە سوننەکانی نزیک لە "چوارچێوەی هەماهەنگی" شیعە وەربگێڕێت، بە دوورخستنەوەی کاندیدەکانی حەلبووسی و خەنجەر.

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە تۆمەتی "ساختەکردنی واژۆی پەرلەمانتار لەیس دلێمی" ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی هەڵوەشاندەوە، بەمەش کێشەیەکی دیکە لە عێراق سەریهەڵداوە، کە ئێستا بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەن.

بە بڕوای بەشێک لە چاودێرانی سیاسی دوورخستنەوەی حەلبووسی لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، زیان بە دەنگ و پێگەی حەلبووسی و سوننەکان دەگەیەنێت.

رۆژێک دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی محەممەد حەلبووسی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دادگای باڵای فیدراڵی رەچاوی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکانی نەکردووە، بەپێی ماددەی 49 لە دەستوور و بەپێی یاسای هەڵبژاردن بڕیارەکەی دادگا یاسایی نییە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هەموو لایەنێک پابەندی دەستوور بن".