شاخەوان عەبدوڵڵا: بۆ کۆتاییهێنان بە گەندەڵی بەرپرسان گەڕاوینەتەوە کەرکووک

د. شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، پارتی گەڕاوەتەوە کەرکووک بۆ ئەوەی کۆتایی بە "گەندەڵی و سەرەڕۆیی بەرپرسان و ئەو بێسەروبەرییەی لەم شارە هەیە" بهێنێت. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-11-2023، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە رێوڕەسمی کردنەوەی بارەگای لقی سێی حزبەکەی لە کەرکووک، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئێمە هاتووینەتەوە لێرە (کەرکووک) بۆ ئەوەی پێکەوەژیان و یەکێتیی نێوان پێکهاتەکان پتەوبکەین. هەروەها لە رێگەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و، نوێنەرانی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا؛ کۆتایی بەم دۆخە سەپێندراوە، نادەپەروەری لە خزمەتگوزارییەکان، گەندەڵی و سەرەڕۆیی بەرپرسان و ئەم بێسەروبەرییەی لەم شارە هەیە، بهێنین".

بەشێک لە لایەنەکانی کەرکووک داوای داوخستی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکەن بەبیانووی ئەوەی "تۆماری دەنگدەران رێکنەخراوەتەوە و ورد نییە". شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، "من ئەندامی لیژنەی پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەرانم؛ هەفتەی رابردوو بە بەشداریی برایانی عەرەب و تورکمان سەرپەرشتیی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکەم کرد؛ ئەوان هیچ رەخنەیەکیان لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک نەبوو".

شاخەوان عەبدوڵڵا، کە هاوکات جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیشە، ئاماژە بەوە دەدات، "بەشێک لە لایەنەکان ترسیان لەوە هەیە کورد کورسییەکانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک زیاد بکات".

ئەو ئەندامەی کۆمیتەن ناوەندیی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، "پارتی لە چوارچێوەیەکی تەسکی حزبایەتیدا کۆنەکراوەتەوە. ئەگەر تەمەنی پارتی زیاتر لە 70 ساڵ بێت؛ تەمەنی رێبازەکەی زیاتر لە 100 ساڵە؛ بۆیە لە رێبازی بارزانیدا هەموو خەڵکێک دەتوانێت لەناو ئەم حزبەیەدا کار و خزمەت بکات".

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، کاتژمێر 10:00، لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی بەرپرس، ئەندام و کادیری هەردوو لقی سێ و مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، بە شێوەیەکی فەرمی بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک کرایەوە.

دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، هێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر بارەگاکانی پارتی لە کەرکووکدا گرتبوو. دوای شەش ساڵ پارتی بارەگای لقی سێی خۆی لە شاری کەرکووک کردەوە و چاوەڕێدەکرێت لەمڕۆوە دەست بکات بە بانگەشەیەکی بەرفراوان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک بە هەزاران ئاڵای کوردستان و پارتی رازێندراوەتەوە. ماوەی 10 رۆژ بوو پارتی لەسەر ئەرکی خۆی، کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ بارەگاکەی دەکرد.

ئارام مامە، کارگێڕی لقی سێی پارتی لە رێوڕەسمی کردنەوەی بارەگاکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پارتی تاوەکو ئێستا وەکو پێویست بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەستپێنەکردووە؛ لەمڕۆوە بە شێوەیەکی بەرفراوان بانگەشەکە دەستپێدەکەین. مەرج نییە بۆ ماوەی چەند مانگێک بانگەشە بکەیت؛ ئەگەر بانگەشەکە رێکوپێک بوو، دەتوانیت لە ماوەی 10 رۆژدا پەیامەکەت بە خەڵکی کەرکووک بگەیەنیت".